Skip to the content

سەرۆکی ئەرکان پێشوازیی لە شاندی کۆلێژی جەنگی عێراق کرد

لە درێژەی سەردانەکەیاندا بۆ هەرێمی کوردستان، شاندی کۆلێژی جەنگیی عێراق سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەیان کرد.

ڕۆژى ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٣، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازیی لە شاندی کۆلێژی جەنگیی عێراقی کرد، کە پێک هاتبوون لە ليوا روكن كازم حەموود عەتاب، ڕاگری کۆلێژی جەنگ و ئەفسەر و مامۆستایان و قوتابیانی کۆلێژەکە.

لە دیدارەکەدا سەرۆکی ئەرکان خۆشحاڵیی خۆی پیشان دا بە هاتنی شاندێکی زانستیی باڵای یەکێک لە کۆلێژە باڵا و سەرکەوتووەکانی خوێندنی سەربازی لە عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە کە تەواوی دامەزراوە سەربازییەکان لە هەرێمی کوردستان کراوەن بۆ بابەتی توێژینەوەی زانستی، بۆ هەموو قوتابیانی کۆلێژە سەربازییەکانی عێراق، بە تایبەتیش کۆلێژی جەنگ، کە یەکێکە لە کۆلێژە هەرە ناسراو و گرنگەکانی بواری خوێندنی سەربازی لە عێراق، هەروەها پشتیوانیی وەزارەتی پێشمەرگەشی بۆ مامۆستا و قوتابیانی کۆلێژەکە دووپات کردەوە.

دواتر ڕاگری کۆلێژی جەنگ خۆشحاڵیی خۆی پیشان دا بە سەردان هەرێمی کوردستان و سوپاسی ئەو پێشوازی و پرۆگرامە ڕێکوپێکەی کرد، کە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ سەردان و بەسەرکردنەوەکانیان ئامادە کراوە و ستایشی ڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە سەربازییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد لە دەرگا کردنەوەیان بۆ بینینی تەواوی بابەتە سەربازییەکان لەم دامەزراوانەدا.