Skip to the content

لە هەولێر مانۆڕێکی سەربازی بۆ بەشداربووانی پێنج خولی مەشقی بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-رۆژی سێشەممە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەت، لیوا عەزیز وەیسی، فەرماندەی فەرماندەیی زێرەڤانی، کۆڵۆنێڵ سلڤادۆری، بەرپرسی تیمی هێزەکانی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان، تیمی مەشقی هێزەکانی ئیتالیا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و فەرماندەیی زێرەڤانی، مانۆڕێکی سەربازییان بۆ بەشداربووانی ٥ خولی مەشقی لە بنکەی مەشقی پڵنگەکانی زێرەڤانی بەڕێوەبرد.

فەریق رکن عیسا عوزێر، لە وتەیەکدا سوپاسی وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەرکان و فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی سوپای ئیتالیای کرد، بەوەی کە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و پاڵپشتی خۆیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دووپات کردەوە.

هەرلە وتەکەیدا سەرۆکی ئەرکان رایگەیاند:''مەشقە بەردەوامەکانی هێزی پێشمەرگە تواناکانی رووبەڕوو بوونەوە بەرزتر دەکەن و هێزەکانی پێشمەرگە دەگەنە قۆناغێکی تر.''

دواتر فەرماندەی فەرماندەیی زێرەڤانی وتەیەکی پێشکەش کرد سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد، لەپای ئەو هاوکاری و هەماهەنگییانەی پێشکەش بە هێزەکانی پێشمەرگەی دەکەن.

لەلایەن خۆیەوە کۆڵۆنێڵ سلڤادۆری، لە وتەیەکدا ستایشی ئاستی توانای بەشداربووانی خولەکانی کرد، کە مەشق و راهێنانەکانیان بە باشی ئەنجام داوە.

لە مانۆڕەکەدا، مەشق پێکراوانی خولەکانی ( نیشانەشکێنی ، شەڕی ناوشار، دانانی خاڵی پشکنین، خوێندنەوەی نەخشە، فریاگوزاری سەرەتایی) بەشدار بوون.

ئامانج لەمجۆرە چالاکییە، پیشاندانی رۆڵی مەشقی سەربازییە لە بەرزکردنەوەی ئاستی توانست و زانیاری سەربازی هێزەکانی پێشمەرگە، هەروەها هەڵسەنگاندن و خستنەڕووی زیرەکی و توانای وەرگرتنی ئەو بابەتانە بوون، کە بەشداربووان مەشق و راهێنانیان پێکراوە لەسەریان.