Skip to the content

کۆنسوڵی گشتی کۆماری میسڕی عەرەبی سەردانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستانی کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢١/٤/٦ كەمال موسلیم، وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونى بریکارانى وەزارەت بۆ کاروبارى بازرگانى و پیشەسازى و ڕاوێژکارى پەیوەندییەکان لە دیوانى وەزارەت پێشوازی کرد لە محەمەد وەجیه حیجازى، کونسوڵى گشتى کۆمارى میسڕى عەرەبی لە هەرێمی كوردستان و هیشام حیسامەددین، ڕاوێژکارى بازرگانى لە کونسوڵگەرى میسڕ لە هەولێر.

لە میانى سەردانى شاندى کونسوڵگەرى میسڕ بۆ وەزارەت، ئاماژە كرا بە گرنگترین بابەتى هاوبەشى نێوان میسڕ و هەرێمى کوردستان بە تایبەت لە بوارەکانى بازرگانى و پیشەسازى بەتایبەت كە میسڕ بەناووبانگە لە کەرتى پیشەسازى و بەرهەمهێنان لە چەندین بواری وەک وزه و پیشەسازى خۆراک و کارەبا و کەلوپەلى ناوماڵ و شیرەمەنى و هەوڵدان بۆ هێنانى ئەزموونى میسڕ لە بوارى پیشەسازى و تەکنەلۆژیاى بەرهەمهێنان.

هەروەها تیشک خرایه سەر ناساندنى بازاڕەکانى کوردستان بە کەلوپەلى میسڕى ئەمەش بە کردنەوەى پیشانگایەکى میسڕى بەردەوامى بەرهەمەکانى میسڕ لە هەولێر. سەبارەت بە بوارى بازرگانى تیشک خرایه سەر پێدانى وەکالات و براندى میسڕ بە بازرگانانى کوردستانى و کارئاسانى کردن بۆ وەرگرتنى فیزاى میسڕ بۆ ئەوەى لە نزیکەوە بازرگانانى هەرێمى کوردستان ئاشنا بن بە ڕەوشی ئابوورى ئەو وڵاتە.

لە کۆتاییدا هەردوولا جەختیان لەسەر هەماهەنگى بەردەوامی نێوانیان كردەوە و وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنى دا، کارئاسانى و هەوڵى وەزارەت بۆ بەهێزکردنى پەیوندییەکانى ئابوورى لەگەڵ میسڕ زیاتر بكرێ، بەتایبەت ئاسانكارییەكانی وەزارەت بۆ وەبەرهێنەرانى میسڕ لە هەموو بوارەكانی وەبەرهێنان لە ھەرێمی كوردستان.