Skip to the content

پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی سەرۆکایەتی شاندێکی بازرگانی بۆ پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا (ئورمیە) دەکەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- شاندێکی بازرگانی و فەرمی کە پێکهاتبوون له  (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر و (شێخ نەوزاد کامل) بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و شاندێکی یاوەری سەردانی پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا (ئورمیە)يان کرد و لەلایەن محەمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمیە) پێشوازییان لێکرا.

لە دیدارەکەدا کە نەسرووڵا ڕەشنودی، سەرکونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای ناوچەکە ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر جەختی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان لەخاڵی سنووری حاجی ئۆمەران-تەمەرچین کردەوە. 
لە لایەن خۆیەوە پارێزگاری ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمیە) وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنانی پارێزگاری هەولێر و شاندی یاوەری، تەئکیدی لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان و بەهێزکردنی جممجۆڵی بازرگانی لەدەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران-تەمەرچین کردەوە و ئامادەیی هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەکی لەوبارەیەوە نیشاندا.
لەکۆتایی دیدارەکەدا، لەلایەن پارێزگاری هەولێر دیاری پارێزگای هەولێر پێشکەش بە پارێزگاری ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا(ئورمیە) کرا و بە فەرمی بانگهێشتی بەڕێزیانی کرد کە سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بکات.