Skip to the content

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، لەچەند بوارێک سوود لە ئەزموونی هیندستان وەردەگرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی سێشەممە رێكەوتی 13-7- 2021، (كەمال موسلیم) وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی كرد لە (شوبهاش كاین) كونسوڵی هیندستان لە هەرێمی كوردستان. 
لە سەرتادا وەزیری بازرگانی كورتە باسێكی دەربارەی رەوشی ئەمڕۆی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان خستەڕوو، هەروا ئامادەیی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی بۆ هەر هەنگاو و چالاكییەكی هەمەلایەن نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی هیندستان دەربڕی، هەر لە میانی ئەم سەردانە فەرمییەی كونسوڵی گشتی هیندستان، تاوتوێی پەیوەندی ئابووری هەردوولایەن كرا، بە تایبەت سوود وەرگرتن لە ئەزموونی هیندستان لە بواری تەكنەلۆژیا و دەرمان و بازرگانی و هاتنی كۆمپانیاكانی هیندستان بۆ هەرێمی كوردستان، سەرەڕای بەشداری كۆمپانیاكانی هەردوو لایەن لە پیشانگاكانی هاوبەش ئەوانەی لە وڵاتی هیندستان و لە هەرێمی كوردستان ساز دەكرێن.