Skip to the content

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی کارئاسانی بۆ خاوەن کارگە و کۆمپانیا و بازرگانەکان دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٨/٥/٢٠٢١ لە دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتى هەرێمى کوردستان، فەرھەنگ خالید بەڕێوبەری گشتیی دیوانی وەزارەت و بەڕێوبەری گشتیی بازرگانی و بەڕێوبەری گشتی پیشەسازی و بەڕێوبەری گشتی کۆمپانیاکان لەگەڵ بەختیار حاجی حەمەد بەڕێوبەری گشتی کاروباری پەیوەندییەکان و بەدواداچوون لە نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە بەغدا کۆ بوونەوە و باسی دانانی میکانزمی گونجاو و ئاسانکارییان بۆ خاوەن کارگە و کۆمپانیا و بازرگانەکان کرد تا چیتر نووسراو و خواست و داواکارییەکانیان دوا نەکەوێت.
هەر لە چوارچێوەى ئەو ئاسانکارییەدا، دەسەڵاتی نووسراوکردنیش گەڕێنرایەوە بۆ بەڕێوبەرە گشتییەکانی وەزارەت تا ڕاستەوخۆ نووسراو ئاراستەی نوێنەرایەتی حکومەت بکەن لە پێناو نەھێشتنی ڕۆتین و داواش کراوە زیاتر مامەلە بە ئیمەیلەوە بکەن بۆ ئەوەی وەڵامی نوسراوەکان چیتر دوا نەکەوێت.
ئەم مامەڵەکردنەش بەردەوام دەبێت تا سیستەمێکی ئەلیکترۆنی کارگێڕی لە نێوان وەزارەت و نوێنەرایەتی حکومەت لە بەغدا فەراهەم و کارى پێ دەکرد.