Skip to the content

یەكەمین پێشانگای زێڕ لە هەرێمی كوردستان کرایەوە

 هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی 25-11-2021 بە سەرپەرشتی سەروەر كەمال هاواری، بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ كاروباری بازرگانی و هاكان كارەچای، سەركونسوڵی گشتی  توركیا و (4) پەرلەمانتاری وڵاتی توركیا و پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و تیمی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی یەكەمین پیشانگای زێڕ لە هەرێمی كوردستان كرایەوە. 
سەرەتا سەركونسوڵی گشتی توركیا وتارێكی پێشكەش كرد و دواتر  بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ كاروباری بازرگانی وتاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پێشكەشكرد و تیایدا ئاماژەیدا بە: 
(وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و كونسوڵی توركیا رۆڵێكی زۆر كاریگەریان هەبووە لە ئامادەكردنی پیشانگاكە، ئێمە لە وەزارەت و حكومەتی هەرێمی كوردستان باشترین ئاسانكاریمان بۆ كردنەوەی پیشانگاكە كردووە، كردنەوەی پیشانگاكە لە شاری هەولێر گرنگی خۆی هەیە، چونكە شاری هەولێر كە مێژوویەكی دێرینی هەیە دەگەڕێتەوە بۆ 7000 ساڵ بەر لە ئێستا، زێڕ پێگەیەكی بەهێزی هەبووە هەم لە مامەڵەكردنی بازرگانی و هەم لە پێشكەوتنی ئابووری و هەم لە پیشەسازی و زێڕنگری (صیاغە)ەدا، هەرێمی كوردستان  ئێستا وەك كیانێك لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵ كرانەوەیەكی بازرگانی و ئابووری بەرەو رووی جیهانەوە هەیە، زێڕ پێگەیەكی بەهێزی هەیە لە ئابووری وڵاتان كە كاریگەری لەسەر هێزی كڕینی دراوی هەموو وڵاتێك بریتییە لە یەدەگی زێڕ، ئێمە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە چوارچێوەی كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە گرنگیەكی زۆر بە سێكتەری بازرگانی و پیشەسازی و كەرتەكانی دیكەی ئابووری دەدات، دەمانەوێت ئەم پیشانگایە بكەینە دەستپێكی نوێ وەك گرنگیدان بە بازرگانی زێڕ و خشڵ، نێوان ئێمە و وڵاتە پێشكەوتووەكان لە رێگای ئەم پیشانگایەوە بتوانین پیشەسازی زێڕ پەرەپێبدەین لە هەرێم، هیودارام خاوەن كار و بیزنسمان و ئەوانەی لە بواری خشڵ و زێركار دەكەن بتوانن كۆنتاكتێكی باش بكەن لەم پیشانگایەدا و تا سوودی ئابووری بۆ هەردوو وڵات هەبێت، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی و ئامادەیی لەم جۆرە پیشانگایانە دەكات، كە خزمەت بە بوارەكانی هەردوو سێكتەری بازرگانی وپیشەسازی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دراوسێ دەكات). 
جێگەی باسە پیشانگاكە (3) رۆژ دەخایەنێت، بە بەشداری (20) كۆمپانیای هاوبەشی عێراق و هەرێمی كوردستانی تایبەتمەند بە بواری زێڕ و (25) كۆمپانیای توركی و(3) كۆمپانیای ئیتاڵی تایبەت بە ئامێر و كەرەستەكانی دروستكردنی زێڕ و (2) كۆمپانیای تایبەت بە بازرگانی زێڕ و كۆمپانیایەكی تایبەتمەند بە بواری پیشەسازی زێڕ، هەروەها (9) كۆمپانیای سنووردار لە بواری شارەزایی و دابینكردنی ئامێرەكانی زێڕ چاككردن، لەگەڵ كۆمپانیایەك بۆ ئامادەكردنی قوتووی زێڕ هەڵگرتن و (15) كۆمپانیای دروستكردن و بە بازاڕكردنی زێڕ لە پیشانگاكە بەشدارن.