Skip to the content

کارئاسانی بۆ کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ( ٢١/ ٤/ ٢٠٢٢ ) بە مەبەستی کارئاسانی بۆ کۆمپانیاکانی گەشتو گوزار لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کۆمپانیاکان و دەستەی گشتیی گەشتو گوزار کۆبوونەوە و چەند بڕیارێک لەم بارەیەوە دەرکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا ( بڵند محمد مولود ) بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان پێشوازی کرد لە ( ئەمەل جەلال) سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار و (ئیسماعیل مینە خان ) بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر و (جیهاد جلال) بەڕێوەبەری یاسایی لە ب.گ گەشتوگوزاری هەولێر، کۆبوونەوەیەک  لە نێوان هەردوولا بە ئامادەبوونی  (محمد سعید ) بەڕێوەبەری بەدواداچوون و پشکنین و (کازم مەغدید ) بەڕێوەبەری کۆمپانیا نیشتیمانیەکان و (ڕێبین عثمان ) بەڕێوەبەری کۆمپانیا بیانیەکان لە بەڕێوبەرایەتی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان  ئەنجام درا.
 کۆبوونەوەکە بە مەبەستی هاندانی کەرتی تایبەت و دۆزینەوەی میکانزمێک بوو بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتەکانی کۆمپانیاکانی گەشتو گوزار و پێشخستنی کەرتی گەشتیاری لەهەرێمی کوردستان، لەکۆبوونەوەکەدا بڕیار درا
هەماهەنگی بەردەوام بێت لە نێوان هەردوولا بۆ کارئاسانی و هاندانی کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار لە پێناو بووژاندنەوەی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و میکانیزمێک بدۆزرێتەوە بۆ بەخشین یان کەمکردنەوەی ڕسوماتی  کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار کە مۆڵەتی کارکردنیان لە بواری گەشتوگوزاریدا بەسەر چووە وەیان مۆڵەتیان نییە یان ئەوانەی دەیانەوێ کۆمپانیاکانیان پاکتاو بکەن، هەروەها
بڕیار درا لیژنەیەک پێکبهێندرێت لەلایەن دەستەی گشتیی گەشتوگوزار بە ئەندامێتی نوێنەرێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بە مەبەستی ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕێنماییەکی تایبەت بە کەرتی گەشتوگوزار لە ھەرێمی کوردستان.