Skip to the content

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی کێشەی کارگەکان چارەسەر دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی ئابی ٢٠٢٢، کوێستان محمد وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەوەکالەت بەئامادەبوونی عەلی عوسمان بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری پیشەسازی و بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و بەرێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی و دارا جەلیل خەیات، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی و بەڕێوەبەری پیشەسازیی هەولێر، لە دیوانی وەزارەت لەگەڵ خاوەن کارگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بە وەکالەت گوتەیەکی کورتی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و ئاماژەی بەوەدا کار لەسەر ئەو گرفتانە دەکەن کە ڕێگرن لە بەرەوپێشچوونی کارگەکان و ڕایگەیاند "مەبەست لەم کۆبوونەوەیە گوێگرتنە لە گرفت و داواکارییەکان و ئەوان دەبنە پردی پەیوەندیی نێوان ئەنجوومەنی وەزیران و خاوەن کارگەکان".
پاشان دارا جەلیل خەیات، سەرۆکی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکان لە گوتەیەکدا ئاماژەی بە ڕۆڵی کارگەکان لە بەرەوپێشبردنی هەرێمی کوردستان کرد و باسی چەندین کۆنفراسی کرد کە ساڵانە ئەنجامیان داوە. داواشی کرد کار لەسەر  پێشنیار و ڕاسپاردەکانی ئەو کۆنفرانسانە بکرێت کە گەڵاڵە کراون.

دواتر دەرگای گفتوگۆ کرایەوە و خاوەن کارگەکان ڕاشکاوانە داواکاری و گیر و گرفتەکانیان خستەڕوو. 
لە کۆتاییشدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بە وەکالەت، بریکاری وەزارەتی بۆ کاروباری پیشەسازی راسپارد بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆکی ژوورە بازرگانی پیشەسازییەکان بۆ تاووتوێکردنی ئەم گرفتانە و دواتر هەموو پێشنیار و داواکارییەکان یاداشت بکرێن بۆ ئەوەی کاریان لەسەر بکرێت.