Skip to the content

کار بۆ کەمکردنەوەی باج و ڕسووماتی کارگەکان دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٥ی ٨ی ٢٠٢٢، لە وەزارەتی دارایی، لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ وەزارەتی دارایی، دۆخی کارگەکان و کێشە و گرفتەکانیان لەڕووی باج و ڕسووماتەوە تاووتوێکرد، کە تێیدا  لەپێناو پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بڕیاردرا کارئاسانیان بۆبکرێت.

کۆبوونەوەکە بەسەرپەرشتیی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و کوێستان محمد وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەوەکالەت بەڕێوەچوو. هەروەها هەریەک لە عەلی عوسمان بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری پیشەسازی و بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و بەڕێوەبەری گشتیی پەرەپێدانی پیشەسازی و هەریەکە لە ساماڵ عەبدولره‌حمان بەڕێوەبەری گشتیی گومركی هه‌رێم و كەمال ته‌یب بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبه‌ره‌ی میری ئامادەبوون.

لە کۆبوونەوەکەدا بەوردی باس لە گرفتی کارگەکان لە هەرێمی کوردستان لە ڕووی وەرگرتنی باج و ڕسووماتەوە کرا کە ئاستەنگی بۆ کارکردنیان درووستکردووە.
بۆ ئەو مەبەستەش وەزیری دارایی و ئابووری پشگیریی تەواوی خۆی دەربڕی کە هاوکاربێت بۆ کارئاسانیکردن بۆ کارگەکان.
بۆیە بڕیاردرا لە ڕێگەی درووستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش بەدواداچوونی ورد بکرێت، تا بتوانرێت کێشەکان چارەسەربکرێن.