Skip to the content

کار لەسەر گرفتی زەویی کارگەکان و پڕۆژە پیشەسازییەکان دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ئابی ٢٠٢٢، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بەمەبەستی چارەسەرکردنی زەوییە پیشەسازییەکان و گرفتی زەویی کارگەکان، سەردانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریان کرد.
 
کوێستان محەمەد، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەوەکالەت و عەلی عوسمان بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری پیشەسازی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی لە سەردانێکدا بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەلایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازیان لێ کرا و تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیان گرفتی زەوییە پیشەسازییەکان و ئەو زەویانە بوون کە بۆ درووستکردنی کارگەکان دابین دەکرێن؛ جگە لەو خزمەتگوزارییانەی تریش کە پەیوەندیدارن بە وەزارەتی ناوبراوەوە  و سوودی بۆ کەرتی پیشەسازی هەیە.

لە ئەنجامدا بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی بەدواداچوون بۆ گرفتەکان و میکانیزمی چارەسەرکردنیان درا.

جێی ئاماژەپێکردنە هەوڵەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و بەدواداچوونی بۆ چارەسەری گرفتی کارگەکان و بەرهەمی ناوخۆیی بەردەوامە.