Skip to the content

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی: لەم کابینەیەدا ٢هەزار و ٦٥٩ کۆمپانیای خۆماڵی و ٨٧ کۆمپانیاى بیانى تۆمار کراوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتەیەکدا، باسی لە گرنگترین کاروچالاکییەکانی وەزارەتەکەی کرد و ئەمەش دەقی گوتارەکەیەتی:

وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی، كاری ڕێكخستنی پیشه‌سازی و بازرگانیی و‌ په‌ره‌پێدانی ئه‌م دوو كه‌رتەیە‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و لە ماوەی سێ ساڵی کابینەی نۆیەم دا توانیویەتی چەندین کارو پرۆژە ئەنجام بداتە و ئەمانەی خوارەوەش پوختەیەک لە کارەکانە:

١ . بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی یاسای چاکسازی و دروستکردنی لیژنەی چاکسازی و پێداچوونەوە بە دۆسیەی سەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەت کە ٣ هەزار و ٦٦ فەرمانبەرن و ٢٧٤ فەرمانبەر کەموکوڕی لە دۆسیه‌کانیان ھەبوو، کۆی گشتی جیاوازی مووچە لە چاكکردنی ئەم دۆسیانە دەگاتە نزیکەی ٤٠ ملیۆن دینار.

٢. کردنەوەی ئەژمێری بانکی بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەت.

٣. بە ھەماھەنگی لەگەڵ بازرگانان و ژوورە بازرگانییەکان و ھێنانی بڕێکی زۆری خۆراک لە کاتی کەرەنتینە و ڕێگاگرتن لە کەمبوونه‌وه‌ و گرانبوونی نرخی خۆراک له‌و سه‌رده‌مه‌.

٤.ھەر لە کاتی کەرەنتینه‌دا نزیکەى ٢٠ هەزار تۆن لە خۆراکە سەره‌کییەکان هێنرا و دابه‌ش كرا بەسەر ٢٠٠ ھەزار خێزانی کەمدەرامەت.

٥. دروستکردنی ئەنجومەنی کێبڕکێ و قەدەغەکردنی قۆرخکاری . 

٦.بەئەلیکترۆنیکردنی پڕۆسەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان کە بووە ھۆی کەمکردنەوەی ماوەی پێویست بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیا، کە پێشتر دەگەیشتە نزیکەی مانگێك، بەڵام ئێستا لە ٣ ڕۆژ و بە تێچووی ٦٠ ھەزار دینار كاره‌كانی تۆمار دەکرێت. ھەروەھا ئامادەکاریمان کردووە بۆ بەئەلکیترۆنیکردنی مۆڵەتی ھەناردە وھاوردە، ھێمای بازرگانی و پێدانی مۆڵەتی پیشەسازی بۆ کارگەکانی کەرتی تایبەت کە بە ھەمان شێوە دەبنە ھۆی زووتر جێبەجێکردنی کاری ھاووڵاتیان.

٦.ڕێکخستنەوەی خەرجی و داھات، زیادکردنی داھاتی وەزارەتمان بە ڕێژەی ٥٠% و کەمکردنەوەی خەرجییەکان بە ڕێژەی ٢٠% .

٧.ھەموارکردنەوەی یاسای پاراستنی بەرھەمە خۆماڵییه‌كان، کە دەبێتە ھۆکارێک بۆ پەرەپێدانی بەھەمی خۆماڵى.

٨. دورستکردنی پەیوەندی و ھەماھەنگی لەگەڵ ھەردوو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی فیدراڵ و چاره‌سەره‌کردنی زۆریک لە کێشەکانی نێوانمان.

٩.یەکخستنی  سەرجەم پرۆسە ئیداریەکان لە سەرجەم دام و دەزگاکانی وەزارەت لە ھەرسێ پارێزگا کە پێشتر بە شێوازو میکانیزمی جیا کاردەکرا .

١٠. لەم کابینەیە ٢هەزار و ٦٥٩  کۆمپانیای خۆماڵی و ٨٧ کۆمپانیاى بیانى تۆمار کراوە و ٥٥٣ مۆڵەتی کارگەی کەرتی تایبەت دراوە و ٢٦ هەزار و ٧٠١ پشکنین بۆ بەرھەمی کارگەکان ئەنجام دراوە و هەزار و ٥٢٩ ھێمای بازرگانی بە کۆمپانیای خۆماڵی  دراوه‌ و ٨٦١ ھێماش بە کۆمپانێای بیانی، وه‌ بە سەرجەم ئەم کارانەش زیاتر لە ٢٠ هەزار هەلى کار بۆ لاوان و خەڵکى هەرێمى کوردستان ڕەخسێنراوە.

١١. زیاتر لە ٢٠٠ هەزار تۆن چیمەنتۆ بۆ ھاوڵاتیان دابین کراوە بە نرخی گونجاو بۆ پەرەپێدانى بیناسازى.

١٢. سێ سایلۆی ٤٠ ھەزار تۆنی و ١٩ گۆکا دروستکراوە بە گوژمەی زیاتر لە ٥٨ ملیار دینار کە بنەمایەکى ستراتیژین بۆ دابینکردنى ئاسایشى خۆراک.

١٣. چەندین پڕۆژەى گرنگ و ستراتیژیمان ئامادە کردووە کە ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ وەرگیراوە و بودجەیان بۆ ته‌رخان کراوە وەک:

١٤.  دروستکردنی سایلۆی ھەڵه‌بجە لەگەڵ ١٠ کۆگا بە گوژمەی ٢٦ ملیار دینار.

١٥. دروستکردنی ڕێگای سایلۆی ڕانیە و پیرەمه‌گروون.

١٦. ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانیشمان وەرگرتووە بۆ ھەڵگرتنی باجی گومرکی لەسەر ماددە خۆراکییە زەروورییەکان بۆ ڕێگاگرتن لە زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و بەمەش کۆنتڕۆڵى نرخى خۆراک لە بازاڕ دەکرێت.

بۆ بینینى ڤیدیۆى وتارەکە، کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

(9) گوتاری وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەبۆنەی تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم - YouTube

فەرمانگەى میدیاو زانیارى