Skip to the content

بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی لەگەڵ بازرگانانی خۆراک ڕەوشی بازاڕەکان تاوتوێ دەکەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی بازرگانانی خۆراك و دابینکردنی پێداویستی ڕۆژانەی هاووڵاتیان و جێگیرکردنی نرخی شت و مەک، ڕۆژی یەکشەممە 13-3-2022 (سەروەر كەمال هاواری) بریکاری وەزارت بۆ کاروباری بازرگانی لەگەڵ كۆمەڵێك بازرگانی خۆراك كۆبوویەوە. 
كۆبوونەوەکە بۆ بەدواداچوونی چاودێری چڕی نرخی كەرەستەكانی خۆراك بوو، بریکاری وەزارەت جەختیکردە سەر گرنگی سەقامگیری نرخ و هەبوونی شت و مەك و كەل و پەلی خۆراك لە بازاڕەكاندا کە پێویستە لە ئاست ڕەزامەندی هاووڵاتیاندا بێت، لە دانیشتنێكدا پرس و ڕاسپاردەكانی قۆرخكاری و ڕێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخی كەرەستەی خۆراك تاوتوێ كرا.
ئامانجی سەردانی کۆمەڵە بازرگانەکە، ئاسانکاری و ڕێگەخۆشکردن بوو، تابتوانن دەرچە و سەرچاوەی زیاتر بدۆزنەوە بۆ هێنان و هاوردەکردنی ئەو کەرەستانەی ماوەیەکە لە بازاڕەکاندا بەهۆی ناکۆکی ڕەوشی وڵاتانی جیهان کەم بۆتەوە و نرخیان جێگیر نییە، تاوەکو نرخەکان لەو ئاستەدا زیاتر نەبن و ڕێگڕیش لە قۆڕخکاری و هەڵاوسان لە بازاڕەکان بە گشتی و کەل و پەلی خۆراک دروست نەبێت. 
بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی ئامادەیی وەزارەتی نیشاندا بۆ هەر هەوڵێک تا نرخی کاڵاکان لە بازاڕەکاندا سەقامگیر بێت و ڕێژەی پێویستیی خۆراک بەردەست بێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ڕۆژانەی ژیانی هاووڵاتیان.
جێگەی باسە بەپێی ڕێنماییەكانی چاودێری بازرگانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پيشەسازی هەر شوێنێك نرخی كاڵا و كەرەستەكانی خۆراك لە نرخی دیاریكراوی خۆی زیاتر بكات، بەپێی یاسا سەرپێچی بۆ دەكرێت و سزا دەدرێت.