Skip to the content

كۆڕبەندی پیشەسازی لە ژێر ناوی (ڕەخساندنی بازاڕ و كار) بەڕێوە چوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە سەرپەرشتی (مەسرور بارزانی) سەرۆكی حكومەت و ئامادەبوونی (كەمال موسلیم) وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و (دكتۆر موحەمەد شوكری) سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بە هەماهەنگی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنان، و كونسوڵی وڵاتانی و وەزیران و بریكارانی وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی حكومی و خاوەن كار و كارگە و بیزنیسمانان كۆڕبەندی پیشەسازی لە هەولێر بەڕێوەچوو. 

لە سەرەتادا (كەمال موسلیم) وتاری دەستپێكی كۆڕبەندی بۆ ئامادەبووان پێشكەش كرد و گوتی:  باس لە کەرتی پیشەسازی دەکەین کە ئەو کەرتە گرنگییەكی یەكجار زۆری هەیە كە كەرتێكی یەكجار گرنگە لە پێشخستنی وڵات و ئابوورییەكەیدا، هەروەها بەشدارییەكی گرنگ دەكات لە زیاكردنی داهاتی وڵات و ڕەخساندنی هەلی كار، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كارنامەی كابینەی نۆیەمدا گرنگی تەواوی بەو كەرتە داوە و شوێنێكی دیار و بەرچاوی بۆ ئەو كەرتە دابین كردووە، تاوەكو ئەو كەرتە بكاتە سەرچاوەیەكی داهات تاوەكو حكومەت تەنیا پشت بە سەرچاوەی یەك داهات نەبەستێت چونكە مەترسی و زیانەكانی چەندە زۆرن، كەرتی پیشەسازی لە هەموو قۆناغەكاندا دەتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینێت لە زیادكردنی سەرچاوەی داهات و هەلی كار و بەشێكە لە دابینكردنی ئاسایشی نەتەوەییمان، گرنگی ئەو كەرتە لە هەموو كەشێكدا هەیە بە تایبەت لەو كاتانەی نا ئاسایین وەك كاتی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا ئەو وڵاتانەی كە خاوەن بەرهەم و كارگە و كارخانەی خۆیان نین، تووشی تەنگوچەڵەمە و گرفت بوونەوە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی خۆیان و وڵاتانی دیكە، بۆیە ئێمە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان هەموو ڕێچكە و كارێكمان كردووە بۆ ئەوەی هەلی كار لە ڕێگای ئەو كەرتەوە بڕەخسێنین و كارمان كردووە بۆ ئەوەی هەرچی كۆسپ و تەگەرە و لەمپەر هەیە لە بەرامبەر كەرتی پیشەسازی لاببەین، ئامادەبوونی سەرۆكی حكومەت لەم كۆڕبەندەدا مانای گرنگی ئەو سێكتەرە لە خۆ دەگرێت، هیوادارم بە هەماهەنگی هەموو لایەك كەرتی پیشەسازی زیاتر پێشبخەین و بتوانین تا چەند ماددەی خام و سەرەتایی هەبێت ئەگەر نەتوانرێت بە پیشەسازی بكەین، ناتوانین سوود لەو ماددە و كەرەستە سەرەتاییانە ببینین، بۆیە داوام وایە پەرەی زیاتر بەو كەرتە بدەین و بەرەو قۆناغێكی بەرزتری ببەین).  

كۆڕبەندەكە لە (3) پانێڵ پێكهاتبوو، لە پانێڵی یەكەمدا بە ناوی (ڕۆڵی كەرتی تایبەت لە پێشخستنی پێشەسازیدا) بۆ خاوەن چەند كارگە و پرۆژە و بیزنسی پیشەسازی بەڕێوەچوو، پانێڵی دووەم لە ژێر ناوی (پلانی كابینەی نۆیەم بۆ كەرتی پیشەسازی) بۆ (كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، كەمال موحەمەد وەزیری كارەبا و بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و  دكتۆر موحەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان) سازكرا، پانێڵی سێیەم و كۆتایی لە ژێر ناوی (گەنج و دۆزینەوەی كار) بۆ چەند خاوەن پرۆژەیەكی پیشەسازی بچووك ئەنجام درا.

ئامانجەكانی كۆڕبەندەكە بریتیی بوو لە گرنگیدان بە پێشخستنی زیاتری كەرتی پیشەسازی و هەوڵەكانی كابینەی نۆیەم بۆ ڕەخساندنی هەلی كار، كۆڕبەندێَك بۆ سێكتەری پیشەسازی لە ژێرناوی "ڕەخساندنی بازاڕ و كار" لەم كۆڕبەندەدا: تیشك خرایە سەر هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەم بۆ پێشخستنی زیاتری بەرهەمی  وخۆماڵی و گرنگیدان بە كارگە و پڕۆژە و ناوچە پیشەسازییەكان، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە ماوەی كابینەی نۆیەم ، هەوڵی بووژانەوەی كەرتی پیشەسازی، بە تایبەت ئەو كارگانەی پێویستن بۆ بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان داوه‌.
هەنگاوەكانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە كابینەی نۆیەم ،كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر كەمكردنەوەی ڕۆتين و ڕاییكردنى مامەڵەكان، لە هەمانكاتدا كار ئاسانى زۆری بۆ پێدانى مۆڵەتەكان لە سەرجەم پارێزگاكاندا كردووە، ئەوەش بووەته هۆی ئەوەی تەنیا لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی 469 مۆڵەتی داوە و كۆی پڕۆژە مۆڵەتپێدراوەكانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی گەیشتۆتە 4115 مۆڵەت.