Skip to the content

هەردوو وەزارەتی بازرگانی عێراق و هەرێمی کوردستان، چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ٢٨/٣/٢٠٢٢ شاندێکی فەرمیی لە وەزارەتی بازرگانی عێراق هاتنە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازی هەرێم کۆبوونەوە، بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک.
وەفدەکە بە سەرۆکایەتی  (ستار الجبار) بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری ئیداری و بە یاوەری (ابتهال هاشم ) بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی چاودێری و بەدواداچوون و ستافێک لە بەڕێوەبەرانی ئیداری و شارەزا و ڕاوێژکاران، لە دیوانی وەزارەتی بازگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان پێشوازیان لێکرا.
پاشان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ  (کەمال موسلیم) وەزیری بازرگانی وپیشەسازی و  (سەروەر کمال) بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی و (نەوزاد شێخ کامیل) بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و بەڕێوەبەرانی بازرگانی خۆراک و دروستکردنی دانەوێڵەو پسوولەی خۆراکی هەولێر لەبارەی چەند پرسێک گفتوگۆیان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا (کەمال موسلیم) باسی لە گرنگیی سەردانەکە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا کرد، بۆزیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتیان و جەختی لە پێدانی شایستە داراییەکانی جوتیاران و دابینکردنی سەبەتەی خۆراکیی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کردەوە.
پاشان (ستار الجبار) بریکاری وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ کاروباری ئیداری، ئاماژەی بە پێویستی سەردانەکە لەدۆخی ئێستادا کرد و پێی وابوو هاوکاری و هەماهەنگی هەردوولا دەتوانێت ئەنجامی باشی هەبێت لە خزمەتکردنی هاووڵاتیان، وتیشی: ئەرکی سەرشانمانە، وەک هاووڵاتیانی سەرجەم پارێزگاکانی تری عێراق سەبەتەی خۆراکیی دابەش بکەین بەسەر هاووڵاتیانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ئەوە مافێکی ئەوانە، هەروەها دڵنیایی دا لە بەردەوامبوونی پێدانی شایستە داراییەکانی جوتیاران.
لە کۆبوونەوەکە دا ( سەروەر کمال) بریکاری وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بە هاوکاریکردنی وەزارەت کرد بۆهەر کارئاسانیەک پێویست بێت لەبارەی فۆڕمی خۆراکی هاووڵاتیان لە ڕێگەی تیمێکی شارەزاوە.
هەروەها بابەتی ئاسایشی خۆراک و چەند پرسێکی تر بە وردی تاوتوێکران و بڕیاریشە وەفدەکە سەردانی چەند شوێنێک بکەن لە هەریەک لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک.