Skip to the content

ڕونکردنەوەیەک لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان،  عێراق (GOV.KRD)- دواى ئەوەى مانگى رابردوو لە میدیاو سۆشیاڵ میدیاکان دەنگۆیەک بڵاوکرایەوە گوایە توێژینەوەیەک لە کۆلیژى زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکانى زانکۆی سەلاحەدین ئەنجامدراوە بۆ چەند جۆرێکى لەو ڕۆنی زەیتەی کە لە بازاڕەکاندا هەیە، کە گوایە (٥) جۆر لەو زەیتانە شیاونین بۆ خواردن و لە مۆم و کریستاڵ و پاشماوەى نەوت دروستکراون وە دەبنە هۆى جەڵتە, هەر ئەو کات وەزارەتمان بەمەبەستى بەدواداچوون بە نوسراوى ژمارە ١٦٢٤ لە ٥/٤/٢٠٢٢ داواى لە زانکۆی سەلاحەدین و کۆلیژى ناوبراو کرد کە ئەو توێژینەوەیە ڕەوانە بکەن بۆ دراسەتکردنى بابەتەکە. زانکۆى ناوبراو بە نوسراى ژمارە 3/54371 لە 28/4/2022 راپۆرتێکى بەرێز (پ.ی.د.رابەر فتاح صالح) مامۆستاى کۆلیژى ناوبراوى بۆ رەوانەکردین کە گوایە ئەنجامدەرى توێژینەوەکەیە و تێیدا هاتووە بابەتەکە پەیوەندى بە پۆستێکى دووساڵ پێش ئێستاوە هەبووە کە باسى گرنگى ئەنجامدانى توێژینەوە دەکات و داواکراوە گرنگى بە بەرهەمە خۆماڵیەکان بدرێت و هیچ توێژینەوەیەک لەو بارەیەوە ئەنجام نەدراوە و هیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە نەدراوە .
بۆیە داوا لە میدیاکان دەکەین کە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە هەواڵ و بابەتانە بکەن و پاش دڵنیابوونەوە بڵاو بکرێنەوە و هاووڵاتییانیش دڵنیا دەکەینەوە کە لیژنەکانى چاودێرى بازرگانى سەربەوەزارەتمان بەردەوام لە بەدواداچون دان و هیچ حاڵەتێکى لەو جۆرەش لە ئارادا نىیە.