Skip to the content

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەدواداچون بۆ گرفتەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، (GOV.KRD)- رۆژی یەکشەممە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و تیمێکی وەزارەت لە سەردانێکدا بۆ پارێزگای هەڵەبجە، بەدواداچونیان بۆگرفتەکانی کەرتەکانی پیشەسازی و بازرگانی لەسنورەکەدا کرد و بابەتی کردنەوەی شەش بەڕێوبەرایەتی نوێی لەگەڵ ئیدارەی ناوچەکە تاوتوێ کرد.

لەسەردانەکەیاندا سەردانی هەریەک لەسایلۆی سەیدسادق و ئاشی شارەزوریان کرد و لەنزیکەوە چاودێری پرۆسەی هاڕینی گەنم و دابەشکردنی ئارد و ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی شایستەداراییەکانی جوتیارانیان بۆساڵی (٢٠١٤) کرد.

پاشان لە پارێزگای هەڵەبجە و لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئازاد تۆفێق، پارێزگاری هەڵەبجە، تاوتوێی گرفتە بازرگانی و پیشەسازیەکان و چۆنیەتی کردنەوەی شەش بەڕێوەبەرایەتی نوێ کە سەربە وەزارەتی بازرگانین و لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیاریان لەسەر دراوە کرد و لەگەڵ ژوری بازرگانیش کۆبونەوە و بۆ ئاگاداربوون لەدۆخی بازرگانی وپیشەسازی سنورەکە.

هەر لەو سەردانەدا چەند کارگەیەکی ناوچەکەیان بەسەرکردەوەو پاڵپشتی تەواوی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیان بۆدەربڕین لەپێناو پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی.