Skip to the content

ڕێنمایی نوێ بۆ بەگەڕخستنەوەی کارگە لەکارکەوتووەکان دەرکرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، (GOV.KRD)- وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، چۆنیەتیی بەگەرڕستنەوەی کارگە لەکارکەوتووەکان بەپێی ڕێنمایی ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکردەوە.

بەپێی ئەم ڕێنماییە پێویستە خاوەن کارگەکان لە ماوەی شەش مانگ لە ڕێکەوتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕێنماییە کارەکانیان تەواو بکەن، بەدەر لەوکاتە خاڵەکانی ڕێنماییەکە نایانگرێتەوە.

دەقی ڕێنمایی ژمارە ٤، ساڵی ٢٠٢٢، تایبەت بە بەگەرخستنەوەی کارگە لەکارکەوتووکان:

پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە لە ماددەی ٦ بڕگەی ٢ لە یاسای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی ژمارە (١٠)ی ساڵی (٢٠١٠)ى هەموارکراو، بڕیارماندا بە دەرکردنی ئەم ڕێنماییە.

ماددەی (١): بەگەڕخستنەوەی کارگە
یەکەم: مۆڵەتی دامەزراندن (تحت التأسیس)ی هەبێت و ئامێر و هێڵەکانی بەرهەمی لای دادنووس تۆمار کرابێت. بەڵام خاوەن پڕۆژە نەتوانێت کارگەکەی بخاتەگەڕ و مۆڵەتی (إکمال تأسیس) تەواو بکات، ئەوا دەکرێت تا (٧٥%) پشکەکانی بفرۆشێت بە هاوبەشێک، بۆ ئەوەی کارگەکەی بخاتەگەڕ یان جۆرى بەرهەمەکەى بگۆڕێت، بە مەرجێک ڕێکارەکانی گۆڕینی جۆری بەرهەم ئەنجامبدات وەک ئامادەکردنی کەتەلۆک و ئۆفەری تایبەت بە بەرهەمە نوێیەکە و کەڵکى ئابوورى و هونەرى و ڕەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی.

دووەم: مۆڵەتی بەرهەم (إکمال تأسیس)ی هەبێت. بە هەر هۆکارێک لە کار وەستا بێت، ئەوا خاوەن کارگە بۆی هەبێت کە گواستنەوەی خاوەندارێتی بۆ کارگەکەی ئەنجامبدات، بە مەرجێک خاوەنی نوێ کارگەکە بخاتەگەڕ یان جۆرى بەرهەمەکەى بگۆڕێت بە پێی ڕێکارەکانی گۆڕینی جۆرى بەرهەم، بە پێچەوانەوە مۆڵەتەکەی هەڵدەوەشێتەوە و زەویەکەی لێ دەسەنرێتەوە.

ماددەی (٢): گواستنەوە خاوەندارێتیی کارگە
یەکەم:خاوەنی نوێ پەیوەستنامەیەک لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گەشەپێدانی پیشەسازیی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان ئەنجام بدات و پابەند بکرێت کە لە ماوەی (١) ساڵ لە بەرواری دەرچوونی فەرمانی کارگێڕیی گواستنەوەی خاوەندارێتی یان ڕەزامەندیی گۆڕینی جۆرى بەرهەم لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازیی کارگەکەی بخاتە گەڕ یان جۆرى بەرهەمەکەى بگۆڕێت، پێویستە بەرهەمە نوێیەکە دەستنیشانبکات و ئۆفەر و کەتەلۆک و کەڵکى ئابوورى و هونەرى تایبەت بە بەرهەمە نوێکەى ئامادە بکات.

دووەم: گرێبەستی زەوی لەگەڵ خاوەن موڵک هەبوو جگە لە کەرتی گشتی، گواستنەوەی خاوەندارێتیان بۆ دەکرێت، بە مەرجێک خاوەنی نوێ گرێبەستی زەوییەکەی لە (٣) سێ ساڵ کەمتر نەبێت، ڕەزامەندیی لایەنی پەیوەنداری هەبێت و لە باجی دەرامەت تۆمارکرابێت.

سێیەم: لە سەرجەم بارەکانی گواستنەوەی خاوەندارێتی، پێویستە زەوی بخرێتە سەر ناوی خاوەن پشکەکان، هاوشێوەی قەواڵەی وازهێنان (سند تنازل).

چوارەم: لە دوای دەرچوونی ئەم ڕێنماییە، گواستنەوەی خاوەندارێتی بۆ یەک جار دەکرێت لە ماوەى سێ ساڵدا لە رۆژى دەرچوونى فەرمانى گواستنەوەى خاوەنداریەتى و پێویستە لە فەرمانەکەشدا ئاماژە بەم خاڵە بدرێت.

ماددەی(٣):
یەکەم: لە دوای بڵاوکردنەوەی ئەم ڕێنماییە لە رۆژنامەى وەقایعی کوردستان تا (٦) شەش مانگ، پێویستە خاوەن کارگە داواکاری پێشکەش بکات بۆ بابەتەکانی هاتوو لەم ڕێنماییە لە بەرێوەبەرایەتیی گەشەپێدانی پیشەسازیی پارێزگاکان یاخود ئیدارە سەربەخۆکان، بە پێچەوانەوە ئەم ڕێنماییە نایگرێتەوە.

دووەم:خاوەن کارگە دەبێت لە ماوەی (٦) شەش مانگدا کارەکانی کە لەم ڕێنماییە هاتووە تەواو بکات کە ئەم ماوەیەش لە ڕێکەوتی هاتووی داواکاریی خاوەن کارگە یان بریکارەکەى ئەژمار دەکرێت، بەڵام ئەگەر هاتوو نەیتوانى لەو ماوەیەدا کارەکانى تەواو بکات و دەرکەوت کە هۆکارەکەى لە دەرەوەى ویست و ئیرادەى خۆى بووە ئەوا بریکارى وەزارەت بۆ کاروبارى پیشەسازى دەسەڵاتى هەیە ماوەى (٣) سێ مانگى بۆ درێژ بکاتەوە.

ماددەى (٤):
ئەو رێنماییە کاری پێدەکرێت لە ڕۆژى بڵاوکردنەوەى لە ڕۆژنامەى وەقائعى کوردستان و کار بە هیچ رێنماییەک ناکرێت کە بڕگە و ماددەکانى پێچەوانەى ئەم رێنماییە بن.

هۆکاری دەرچوون
بە هۆى ئەو قەیرانانەى کە لە دواى ساڵى ( ٢٠١٤)ەوە لە هەرێمى کوردستان درووست بوون، هەر لە بڕینى بودجەى هەرێم لە لایەن حکومەتى فیدڕاڵ و شەڕى تێرۆرستانى داعش و هاتنى پەتاى کوڕۆنا، کاریگەرى خراپى هەبوو لەسەر کۆى سێکتەرەکان بە تایبەت کارگەکان کە بووە هۆى داخستنى هەندێکیان. کە هەندێ لە هۆکارەکان ئاسانکاریکردنە لە ڕووی کارگێری و یاساییەوە لەپێناو هاوکارىکردنى خاوەن کارگەکان بۆ بەگەڕخستنەوەى کارگەکانیان، لەبەر ئەوە ئەم ڕێنماییەمان دەرکرد.