Skip to the content

کۆمپانیا فەڕەنسییەکان خوازیاری چارەسەری کێشەکانیانن و وەزارەتی بازرگانییش بەڵێنیان پێ دەدات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، پێشوازی لە بەرپرسی بەشی بازرگانیی کونسوڵخانەی فەرەنسا و نوێنەری لقی بەشێک لە کۆمپانیا فەرەنسییەکان لە هەرێم کرد؛ کە بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکانیان سەردانی وەزارەتیان کردبوو.

لە دانیشتنەکەدا کە بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ئامادەبوو، بە وردی باس لە گرفت و ئەو بەربەستانە کران، کە دەبنە هۆی ڕێگری لە کار و چالاکیی ئەو کۆمپانیایانە.

لە بەرانبەردا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەڵێنی هاوکاری و چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی پێ دان کە پەیوەندی بە وەزارەت و حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

فەرهامەکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ چالاکیی وەبەرهێنەران و کۆمپانیا دەرەکییەکان، یەکێکە لە ئامانجەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە هەمیشە بە گرنگییەوە سەیردەکرێت.