Skip to the content

حکومەتی هەرێم چارەسەری کێشە پیشەسازی و بازرگانییەکان دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، لە دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و لەسەر داواکاریی کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرتی پیشەسازی و بازرگانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە وەزیری کشتوکاڵ و وەزیری کارەبا و سامانە سرووشتییەکان و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و سەرۆکی دەستەی ژینگە و نوێنەری وەزیری ناوخۆ ئامادەبوون و هەردوو بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتیی بازرگانی و کۆمپانیاکان و گەشەپێدانی پیشەسازی و پلاندانان، بە خستنەڕووی وردەکاریی گرفتەکانی بەردەم کەرتی پیشەسازی و بازرگانی بەشداربوون.

لە دەستپێکی کۆبوونەوە جێگری سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرنگیی کەرتی پیشەسازی و بارزگانی کرد و پاشان ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ بەشداربووان تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەیان کە بریتی بوون لە گرفتی کارگەکان و ئاستی گەشەی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان و ئەو هۆکارانەی کە پەیوەستن بە سێکتەرەکانی تر لەوەزارەتە پەیوەندیدارەکان تاووتوێ کرد.

هەروەها بابەتی بازرگانی و چۆنیەتیی بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری لە ڕێگەی پەرەپێدانی پیشەسازیی ناوخۆیی و ڕێکخستنی کەرتی بازرگانی بە وردی تاووتوێ کرا.

لە دەرئەنجامدا وەزیری بازرگانی بە سەرپەرشتیکردنی تیمێک کە لە نوێنەرایەتیی سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پێکدێن، بۆ بەدواداچوون و دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاوی چارەسەرکردنی گرفتەکان ڕاسپێردا.

جێی ئاماژەیە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و تیمی وەزارەت بەردەوام لەماوەی کاری ئەم کابینەیەدا لە بەدواداچوون و هەوڵدا بوونە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پیشەسازی و بازرگانی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر بە هاووڵاتیان.