Skip to the content

هەرێمی کوردستان و یابان پەیوەندییە ئابوورییەکان پتەو دەکەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە یونی داجین بەرپرسی نوسینگەی ڕێکخراوی جایکای یابانی لە عێراق و وەفدێکی یاوەری کرد و پشتگیریی وەزارەتیان بۆ هاوکاری و کارئاسانی بۆ کۆمپانیا یابانییەکان دەربڕی.

لە دانیشتنەکەدا وێڕای هەڵسەنگاندن و تاوتوێی دۆخی بازرگانیی هەرێم لەگەڵ یابان، باس لە کاری کۆمپانیا یابانییەکان کرا و بڕیارە لەمانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ سیمنارێک لە نێوان کۆمپانیاکانی بازرگانیی یابان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێم سازبکرێت.

لای خۆیەوە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، ئامادەیی بۆ هەر کارێکی هاوبەش کە ببێتە هۆی بووژانەوەی کەرتی بازرگانی و ئابووری لە هەرێم دەربڕی.