Skip to the content

ئاسانكاری لە تۆمارکردنی ناوی شوێنی بازرگانیی پیشەوەران كرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان،(GOV.KRD)- لە پێناو ئاسنكاریی مامەڵەكانیان و تێچوونی كەمتر، شێوەی تۆماركردنی ناوی بازرگانیی پیشەوەران گۆڕانی بەسەردا دێت.

هاووڵاتیان لەمەودوا دەتوانن لەبری سەردانی ژوورە بازرگانییەكان، لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە سنووری پارێزگاکان مامەڵەکانیان بكەن و ناوی شوێنەکانیان تۆمار بکەن.

گۆڕانكارییەكە پاڵپشت بە یاسای ژمارە ١٤ی ساڵی ٢٠٢١ی هەموارکراوی یەکەمی یاسای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی ژمارە 10ی ساڵی 2010 كراوە. هەربۆیە ئێستا سەرجەم داتاو بەڵگەنامە پێویستەکان لە ژوورە بازرگانییەکانەوە بۆ بەڕێوبەرایەتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان گوێزراونەتەوە.

دوای ئەو ئاسانكارییە، كاروباری پیشەوەران باشتر بەڕێوەدەچێت و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان و سەدان ناوی نوێی بازرگانی تۆماركراون.