Skip to the content

بۆردی گەشەپێدانی پیشەسازی و بازرگانی لەسەر پڕۆسەى هەمەچەشنکردنی داهات بەردەوامە

ڕۆژى دووشەممە، ٨ی ئایاری ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتیی كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، كۆبوونەوەی بۆردی حكومی بۆ ڕێكخستن و گەشەپێدانی كەرتی پیشەسازی و بازرگانی بە ئامانجی پەرەپێدانی ئابووری و زیادكردنی داهات لە ڕێگەی سەرچاوەی جیاوازەوە بەڕێوە چوو.

لە كۆبوونەوەكەدا هەردوو بریكاری وەزارەت سەروەر کەمال هاواری بۆ کاروباری بازرگانی و عەلی عوسمان بۆ کاروباری پیشەسازی و بەڕێوەبەرانی گشتی بازرگانی و گەشەپێدانی پیشەسازی لەگەڵ نوێنەری سەرجەم وەزارەتە پەیوەندارەكانی ناوخۆ، كارەبا، شارەوانی، دارایی، دەستەی وەبەرهێنان، تەندروستی و دەستەی ژینگە و فەرمانگەی هەماهەنگی و بە دواداچوون ئامادە بوون.

تێیدا بە وردی تیشك خرایە سەر هۆكارەكان و كێشە و گرفتەكان كە پەیوەستن بە سێكتەرە جیاجیاكان كە ڕێگرن لە پێشخستنی پیشەسازی و ئابووری و پێشنیازە دروستەكان بۆ چارەسەركردنیان خرانە ڕوو.

لە قسەكانیدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی كە سەرۆكی بۆردەكەیە، ئاماژەی بە هەماهەنگیی هەمووان كرد و گوتی: پێویستە بە هەموو لایەك هەوڵ بدەین سەرچاوەی داهات زیاد بكەین، ئامانجی ئێمە پێشخستنی پیشەسازی و بازرگانییە تا بتوانین سەرچاوەی داهاتمان هەمەجۆر بێت و ئابووریی ناوچەكە ببوژێتەوە، ئەم هەنگاوانەش سەرەتان و ئومێد دەكەم هەموومان هاوكار بین، تا بتوانین بەرنامەكانمان جێبەجێ بكەین.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەم تەوەرانە گفتوگۆ کران: ڕێكار و ئامادەكارییەكان بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ و هاوكاریكردنی سێكتەرەكانی تر بۆ ئەو مەبەستە، لێخۆشبوونی گومركی و هێنانی کەرەستەی سەرەتایی و بابەتی بازرگانی و خاڵە سنوورییەكان چارەسەرکرنی لەگەڵ وەزارەتی ناخۆ و وەزارەتی تری پەیوەست بەو کێشانە، كارەبا و سێكتەری ژینگەیی و کێشەکانی تایبەت بە شارەوانی و زەوی و شارە پیشەسازییەکان.