Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ لە بارەی چەندین بابەت دەکات

- چەند لیژنەیەکی تەکنیکی پێکهاتوون بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ لە گەڵ بەغدا
- دامەزراندنی ئەنجومەنی گشتی راژە لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا


رۆژی سێشەممە 30 ی تەمووزی 2019 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی خۆی ساز کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر دەسپێکردنی گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کە هەفتەی رابردوو لە هەولێر شاندی باڵای هەردوولا کۆبوونەوە و گفتوگۆ لە بارەی سێ تەوەر کرا کە بریتیبوون لە نەوت وگاز ، بودجە و کێشە داراییەکان ، ناوچە دابڕێنراوەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان . لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە درا کە چەند لیژنەیەکی تەکنیکی پێکهاتوون بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی وردەکارییەکان و هەردوولا پێشنیار و کارنامەی تایبەتییان ئامادە کردووە و بڕیارە بەم زووانە درێژە بە گفتوگۆکان بدرێت.

پاشان گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی دامەزراندنی ئەنجومەنی گشتی راژە لە هەرێمی کوردستان کرا بۆ رێکخستنەوەی کاروباری فەرمانبەران . ئەم بابەتەش بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازیی کە لە هێڵە گشتییەکانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە ، گفتوگۆکردن بوو دەربارەی رێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆی وەزارەت و دەستە و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لە چوارچێوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و ، بڕیاردرا هەموو ئەو وەزارەتانەی داهاتیان هەیە، گشت داهاتەکانیان بنێردێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی ،پێداچوونەوەش بە خەرجیيەکانی هەر وەزارەتێک بکرێت و دواتر بە پێی پێویستی و تایبەتمەندی ، پێداویستی خەرجییەکانی هەر وەزارەتێک دابین بکرێت.

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی لەبارەی پرۆژە (یاسای چاکسازی لە خانشینی و مووچە و دەرماڵە و ئیمتیازەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان ) کرد . بڕیاردرا کە گفتوگۆی پێویستی لە بارەوە بکرێت و لە نزیکترین کاتدا بنێردرێتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان .

لە کۆتایی کۆبووەنەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانی شارەوانی وگەشتوگوزار ، تەندروستی ، ناوخۆ و دەستەی ژینگەی راسپارد ، هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بکەن بۆ ئامادەکردنی رێنمایی پێویست بۆ پاراستنی گیان و سەلامەتی گەشتیاران و هاووڵاتیان لە شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان .