Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری بەهەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەستی دا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠١٩/١١/٦ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر کۆبوونەوەی سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و سەرۆک کۆماری عێراق و لایەنە کوردستانییەکان کە تێیدا جەخت لەسەر یەکدەنگی و هاوهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان کرایەوە لە بەغدا و، بەشدارانی کۆبوونەوەکە هاوڕابوون لە سەر ئەوەی، نابێت مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراق کەم بکرێنەوە.

پاشان ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆکردن دەربارەی بابەتی بە هەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەست لە سەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە، بڕیاری بە هەمیشەییکردنی پەسەند کرد بە رەچاوکردنی ئەوەی کە ئەم مامۆستا گرێبەستانە ماوەی چەندین ساڵە لە بواری پەروەردەوە خزمەت دەکەن و پێداویستی بواری پەروەردەیان پڕ کردووەتەوە.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو دەربارەی ئەو بابەتانەی پەیوەندیدارن بە مووچە وئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانی و راگیراوی سیاسی لە هەرێمی کوردستان. وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان راپۆرتێکی فراوانی دەربارەی ئەم بابەتە خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە سەر بەردەوامبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیش لە گفتوگۆدا دەبێت لە سەر ئەم بابەتە.