Skip to the content
Menu

بەسەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان کۆبووەوە

• مەسرور بارزانی: پێویستە ئەنجامدانی پرۆژەکانی وەبەرهێنان بەپێی پلان و پێداویستی هەرێمی کوردستان بێت.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠١٩/١٠/٧ بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، راپۆرتێکی بە ژمارە و زانیاری ورد پێشکەش کرد و کێشە و گرفت و پێداویستییەکانی پرۆسەی وەبەرهێنانی خستەڕوو.

مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لەوەکردەوە، کە پێویستە پڕۆسەی وەبەرهێان بەشێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو رێکبخرێتەوە، گوتیشی حکوومەت بەرنامەی پێویست دادەڕێژێت بۆ رێکخستنەوەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان بە جۆرێک کە ئەنجامدانی پرۆژەکانی وەبەرهێنان بەپێی پلان و پێداویستی هەرێمی کوردستان بێت. دووپاتیشی کردەوە ئاسانکاری پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی دەکرێت کە پرۆژەکانیان لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی بێت.