Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەوە و ئەم بڕیارانەی دا

• فەرمانبەران دەبێ پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ نووسراو و بەڵگەنامە فەرمییەکان بکەن.

• قەرز وپابەندە داراییەکانی ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.

• داوای زانیاری وردتر کرا بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو لە سەر یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان.

 

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD) - ئەمڕۆ چوارشەممە ٢/١٠/٢٠١٩ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.

 

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا .جەختکرایەوە لە سەر ئەوەی فەرمانبەران دەبێ پابەندی پاراستنی نووسراو و بەڵگەنامە فەرمییەکان بن و نابێت فەرمانبەران لە دەرەوەی مەبەستی وەزیفی بۆ بەرژەوەندی خۆیان یان کەسانی دیکە مامەڵەیان پێ بکەن یان لە ئینتەرنێت و بەتایبەتی سۆشیال میدیا بڵاوبکرێنەوە، ئەمەش لە ماددەی (٥) ی یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە (١٤) ی ساڵی ١٩٩١ هەمووارکراودا وەک ئەرکێکی فەرمانبەرایەتی هاتووە.

 

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە خستنەڕووی قەرز وپابەندە داراییەکانی ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو کە سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران د.ئامانج رەحیم راپۆرتێکی وردی پڕ زانیاری و داتای پێشکەش کرد و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە گفتوگۆی پێویستی لەبارەوە کرا. ئەنجومەنب وەزیران سوپاسی سکرتێری ئەنجومەنی کرد بۆ ئەرک و ماندووبوونی لە ئامادەکردنی ئەو راپۆرتەدا. کە گفتوگۆ دەربارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو قەرزانە و میکانیزمی پاکتاوکردنیان کرا کە هەندێک لەو قەرزانە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵی و لە چوارچێوەی گفتوگۆ و دانوستانی نێوان هەردوولا یەکلادەکرێنەوە.

 

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی لە بارەی پێشنیاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کرد بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی گشت زانکۆ حکومییەکانی سەربە وەزارەت بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٥ - ٢٠١٦. لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران هەردوو وەزیری دارایی وئابووری و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راسپارد کە بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران بەخشتەیەک پۆلێنکردنی یەکەمەکان بە پێی پسپۆڕی و پێویستی ئامادە بکەن بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتاییان لە بارەوە بدرێت .