Skip to the content
Menu

ئەنجومەنی وەزیران کۆمەڵێک بڕیار دەردەکات

• هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پرسی بودجە سەردانی بەغدا دەکات.

• بانگهێشتی لیژنەکانی ( دارایی، نەوت وگاز ، یاسایی ) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ هەرێمی کوردستان دەکرێت.

• بڕیاردرا لیژنەیەکی تایبەت پێکبهێرێت بۆ هەلسەنگاندنی سەرژمێریی 2020 و خستنەڕووی داخوازییەکانی کوردستانییان بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانەوە.


هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ چوارشەممە 2019/9/11 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە .
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵ و ئەندامانی لیژنەی دارایی لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان کە رۆژی 8 ی ئەیلول لە هەولێر بەسترا خستەڕوو . لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا ، هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی گفتوگۆ و ئالوگۆڕکردنی زانیاری سەبارەت بە پرسی بودجە و بەشداری هەرێمی کوردستان لە قۆناخی سەرەتای ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی 2020 لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ . هەروەها بانگهێشتی لیژنەکانی ( دارایی، نەوت وگاز ، یاسایی ) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش بۆ هەرێمی کوردستان بکرێت.
رۆژی پێنجشەممە 2019/9/12 شاندێکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ خستنەڕووی داتا و زانیاریی پێویست لە بارەی گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا ، وەزیری پلاندانان راپۆرتێکی سەبارەت بە پڕۆژەی سەرژمێری لە عێراق پێشکەش کرد کە بڕیارە ساڵی 2020 ئەنجام بدرێت. وەزیری پلاندانان تیشکی خستە سەر لایەنەکانی ئەم پڕۆژەیە و ئامادەکارییەکانی هەرێمی کوردستان. لەمبارەیەوە بڕیاردرا لیژنەیەکی تایبەت پێکبهێرێت بۆ هەلسەنگاندنی پڕۆژەی سەرژمێرییەکە بەرەچاوکردنی بەرژەوەندی کوردستانییان بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانەوە .

لە کۆتاییدا ، کۆبوونەوەکە گفتوگۆی لە بارەی میکانیزمی نوێ بۆ رێکخستنەوەی باج کرد بە شێوەیەک لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت. لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەی پەیڕەوی تایبەت بە تیانووسی بازرگانی ( الدفاتر التجاریة)ی پەسەند کرد کە میکانیزمی نوێ لە خۆدەگرێت بۆ رێکخستنەوەی باج.