Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاریدا کە بەرنامەی ئەنجومەنی وەزیران دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت و دەستکاری نەکردنیەتی

• ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کردەوە و بە کۆی دەنگ پەیڕەوی ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی پەسەند کرد.

• سەرۆکی حکومەت: کاری لە پێشینەی ئێستای حکومەتی هەرێم پاراستنی ژیان وسەلامەتیی خەڵکە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابینکردنی خۆراک و دەرمان و مووچەیە.

 

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – رۆژی چوارشەممە ٢٠٢٠/٤/١ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەشداربوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێک دەربارەی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و لێکەوتە ئابوورییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا و هەوڵەکانی ڕێکخستنەوەی داهات و خەرجییەکان لە هەرێمی کوردستان لە لایەن وەزیری دارایی و ئابووری و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پێشکەشکرا.

سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە سەڕەڕای کەمبوونەوەی رێژەیەکی زۆری داهاتەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام حکومەت هەموو هەوڵی خۆی دەدات بۆ ئەوەی کەمترین زیان بە هاووڵاتییان بگات. گوتیشی کاری ئێستای حکومەتی هەرێم پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان و دابینکردنی خۆراک و دەرمان و مووچەیە .

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و گرنگیدان بە سەرجەم کەرتەکانی ئابووری بەتایبەتی کشتوکاڵ، بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە. بۆیە ئێستاش زیاتر جەخت لە گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ دەکەینەوە و لەمبارەیەوە پشتیوانیی لە هەوڵەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەکەین.

ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاریدا کە بەرنامەی ئەنجومەنی وەزیران دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت و دەستکاری نەکردنیەتی، هەروەها ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریاندا نیوەی مووچە و دەرماڵەی دوومانگی خۆیان ببەخشن بە گەنجینەی حکومەت بۆ ئەوەی بە سەر خەڵکانی کەمدەرامەت دابەش بکرێت.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا رەشنووسی پەیڕەوی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ژمارە (٢) ی ساڵی ٢٠٢٠ خرایە روو. ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کردەوە بە ئاڕاستەی زامنکردنی شایستەداراییەکانی مووچەخۆری شایستە و لە دوای گفتوگۆ بە کۆی دەنگ پڕۆژەی پەیڕەوەکە پەسەند کرا بە چەند گۆڕانکارییەکەوە.

دواتر سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ڕەشنووسی بڕیارێکی خستەڕوو بۆ پشتگیریکردنی ئاسانکاریی بارگرانیی ئەو کاسبکارو کرێچییانەی بە هۆی رێکارەکانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا تووشی زیان بوون. سەرۆکی حکومەت لیژنەیەکی یاسایی لە ئەنجومەنی وەزیران راسپارد بۆ ئەوەی میکانیزمی یاسایی بدۆزنەوە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی لە سەر شانی ئەو خەڵکە کاسبکار وکرێچیانە کە بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانیان بەرکەوتووە.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا پێشنیاری وەزیری دارایی وئابووری و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پەسەند بکات کە خەرجی بەکاربردنی وەزارەتەکان و دامەزراوەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە و ئەولەویەت بدرێ بە دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزارییە گشتیە بنەڕەتییەکان و بڕیاریشدرا ھەرچی زووشە یاسای چاکسازیی بۆ کەمکردنەوەی خەرجی ناپێویست بخرێتە بواری جێبەجێکردن تا ئەنجامەکەی بخرێتەوە خزمەتی مووچەخۆرانی شایستە.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەردوو بەڕێزان وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی پلانی تەواوکاری خوێندنی ساڵی خوێندنی ٢٠١٩ ـ ٢٠٢٠یان خستەروو سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن و خشتەی تاقیکردنەوەکان. ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە نابێت خوێندنی ئەمساڵی قوتابیان بەفیڕۆبچێت و رەزامەندیدا لەسەر پێشنیاری فەراهەمکردنی خوێندن و فێربوون بەشێوازیی پاڵپشتیکار لە ڕێگای پرۆژەی خوێندنی ئەلیکترۆنی بۆ قوتابیان و خوێندکاران و بەردەوام بوونی پیادەکردنی شێوازی ئۆنلاین یان ئەلیکترۆنی لە ناوەندەکانی خوێندنی ناحکومی وەک شێوازی پاڵپشتیکار تاوەکو سەرجەم پێداویستی تەکنیکی وکارگێڕیی وقانونییەکانی خوێندنی ئۆنلاین لە هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.

دواتر بەڕێز وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی پوختی لەسەر بارودۆخی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای لە هەرێم خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای دەستخۆشی لە پزیشک و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی و هێزەکانی ئاسایش و ئاسایشی ناوخۆ و کارمەندانی شارەوانی و گشت یەکە ئیدارییەکانی هەرێم، بڕیاریدا کە وەزارەتی تەندروستی پێداویستییەکان لە دەرمان و ئامێر و پێداویستیە پزیشکیيەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگارەکان و سەرۆکی ئیدارە سەربەخۆکان ئامادە بکات بۆ ڕووبەڕروبونەوەی قۆناخی ئێستا و پێشبینیکراویش.

ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی خۆڕاگریی و پابەندبوونی خەلکیشی کرد لەمبارەیەوە و داوایکرد بەردەوام بن.