Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان میکانیزمی دابەشکردنی مووچە تاووتوێ دەکات

• بڕیار درا مووچەی ئەو مانگە بە پێی میکانیزمی خۆگونجاندن لە گەڵ دۆخی دارایی لە زووترین کاتدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت

هه‌ولێر، هه‌رێمی كوردستان، عێراق - (GOV.KRD) ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٠/٨/١٧ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و میکانیزمی دابەشکردنی مووچە تاوتوێ کرا.

سە‌بارە‌ت بە‌دابە‌ش كردنی مووچە‌، پاش ڕێککەوتن لە‌گە‌ڵ بە‌غدا و بە‌رچاوڕوونی زیاتر لە‌بارە‌ی دۆخی داریی ھە‌رێم، بڕیاردرا مووچە بە پێی ئە‌و داھاتە‌ی كە‌ لە‌بە‌ر دە‌ستە‌، لە زووترین کاتدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت. بۆ لەمەودواش ، پێویستە بە میکانیزمی خۆگونجاندن لە‌گە‌ڵ داھاتی مانگانە و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مووچە لە کاتی گونجاودا دابەش بکرێت بە پشت بە‌ستن بە‌داھاتە‌كانی ھە‌رێم كە‌ داھاتی نە‌وتی و نا‌ نە‌وتی و ئە‌و بڕە‌ پارە‌یە‌ی كە‌ لە‌ بە‌غداوە‌ دێت بۆ ھە‌رێم، ھەموو مانگێک ڕێژەی مووچە بە پێی داھات دەبێت.

لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها گفتوگۆ دەربارەی دۆخی تەندروستی و ڕێکار و هەنگاوەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کرا کە بەداخەوە ئێستا هەرێمی کوردستان، لە دۆخێکی مەترسیدار دایە و ڕێژەی تووشبوون و گیان لە دەستدان لە بەرزبوونەوەدایە. بۆیە پێویستە هاووڵاتییان، پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان بن. ئاماژەش بەوە درا کە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکاری پێویستی گرتەبەر و توانی تا ئاستێکی باش، دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات کە بووە جێی دەستخۆشی و ستایشی خەڵک لە ناوخۆ و دەرەوە، بەڵام بەداخەوە پابەندنەبوون بە ڕێکار و ڕێنماییەکان، بووە هۆی ئەوەی دۆخی تەندروستی بگاتە ئەم ئاستە مەترسیدارەی ئەمڕۆ. بۆیە له كاتێکدا دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی، داوا لە هاووڵاتییانیش دەکەین لە پێناو پاراستنی خۆیان و کەسوکاریان ، پابەندبن و خۆیان بپارێزن .