Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە

• ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لەو کەشە ئەرێنی و لەیەکگەیشتنە دەکات کە لە ئەنجامی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ نەهێشتنی گرژییەکانی ناوخۆ هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌.

• سەرۆک وەزیران سوپاسی وەزیرانی حکومەتی کرد بۆ خستنەڕووی زانیاریی و ڕوونکردنەوەی بابەتەکانی پەیوەست بە پرسیاری پەرلەمانتارانی کوردستان.

• ئەنجومەنی وەزیران ژوورەکانی ئۆپەراسیۆنی ڕاسپارد بۆ دەرکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنمایی تەندروستی نوێ لە پێناوی پاراستنی ژیان وسەلامەتی ھاووڵاتیان.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ()- رۆژی چوارشەممە ٢٠٢٠/٧/٢٩ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەشداریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران باسی ئەو کەشە ئەرێنی و لەیەکگەیشتنەی کرد کە لە ئەنجامی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ نەهێشتنی گرژییەکانی ناوخۆ هاتووەتە ئاراوە و بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، دەستخۆشی لەو گفتوگۆ و دیدارانە کرد کە هەنگاوێکی گرنگە، بۆ یەکڕیزی و پشتیوانیکردنی زیاتر لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.

دواتر سەرۆکی وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی ئامادەبوونی وەزیرانی حکومەت لە دانیشتنی تایبەتی پەرلەمانی کوردستان دا و بە ناوی ئەنجومەنەوە، سوپاسی کردن بۆ خستنەڕووی زانیاریی و روونکردنەوەی بابەتەکانی پەیوەست بە پرسیاری پەرلەمانتارانی کوردستان. ستایشی ئەو هەماهەنگی و کارکردن بە گیانی یەک تیمی کرد، کە لە نێو کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە.

پاشان ھەریەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان بە پێی تایبەتمەندیی، پوختەی پرسیار و سەرنجی پەرلەمانتارانیان لە دانیشتنی پەرلەمان لە ڕۆژانی ٢٧- ٢٨ ی تەمموزی ٢٠٢٠ بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو لەسەر تەوەرەکانی تایبەت بە دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم و بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی پەتای کۆرۆنا ڤایرۆس و دواتریش بابەتی دۆخی دارایی وئابووری ھەرێم و دوا پێشھاتەکانی دانووستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی.

ئینجا سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر دوایین ئەنجامەکانی گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی و ئاماژەی بەوە دا، کە گفتوگۆ و دانوستان بەردەوامە و حکومەتی ھەرێم دووپاتی پابەندبوون بە ئیلتزامە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە لە بەرامبەر دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی ھەرێم، چەندین پێشنیاریش بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن ئالوگۆڕ کراون و ھیوای خواست لە نزیکترین دەرفەتدا، دوای پشووەکانی جەژن بگەینە ڕێکەوتنێکی ھاوسەنگ کە بەرژەوەندی هەردوولای تێدا پارێزراو بێت.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی لە پلان و ھەوڵەکانی خۆی بەردەوام دەبێت بۆ ڕووبەڕوبونەوەی قەیرانی دارایی و بە تایبەتیش دابینکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران کە ئەرکی لە پێشینەمانە.

پاشان گفتوگۆ دەربارەی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە تایبەتی لە ڕۆژانی جەژنی قوربان کرا. ئەنجومەنی وەزیران ژوورەکانی ئۆپەراسیۆنی ڕاسپارد بۆ دەرکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنمایی تەندروستی نوێ لە پێناوی پاراستنی ژیان و سەلامەتی ھاووڵاتیان.