Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەربارەی ڕێکخستنەوەی خەرجییەکان دەکات

• گفتوگۆ دەربارەی ڕێکخستنەوەی خەرجییەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو بودجەیە کرا کە ئێستا لە بەردەستی حکومەتدایە بە مەرجی پاراستنی مافی مووچەخۆریی ئاسایی شایستە.

• درێژکردنەوەی ماوەی گەڕاندنەوەی قەرزی کارەبا و ئاو و پێشینەکان بە لێخۆشبوونی ١٥% تا ٢٠٢٠/٩/١.

• هەفتەی داهاتوو شاندی حکومەتی هەرێم بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان سەردانی بەغدا دەکات.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٠/٦/١٧ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداربوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی ڕێکخستنەوەی خەرجییەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو توانا و بودجەیە کرا کە ئێستا لە بەردەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری دایە بە مەرجی پاراستنی مافی مووچەخۆرانی ئاسایی شایستە. ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە بەردەوامبوونی کەمکردنەوەی مووچەی خاوەن پلە تایبەتەکان و ئەوانەشی بەو پلانە خانەنشین بوون کە لە کۆبوونەوەکانی پێشوو بڕیاریان لەسەر درا. لەمبارەیەوە کۆبوونەوەکانیش تا ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبن.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا ماوەی گەڕاندنەوەی قەرزی کارەبا و ئاو بە لێخۆشبوونی ١٥% درێژ بکرێتەوە تاوەکو ٢٠٢٠/٩/١.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی تاوتوێ کرا و بڕیار درا هەفتەی داهاتوو شاندی حکومەت بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان سەردانی بەغدا بکات بە ئاراستەی برەودان بەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشانەی پێشتر هەردوولا پێی گەیشتبوون بۆ دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لەبەرامبەر پابەندییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستووری عێراق.