Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بواری گومرگەکان و ڕێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکان و گرێبەستەکانی خزمەتگوزاریی ناو دەروازەکان دەکات‎

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – لە درێژەی کۆبوونەوەکانی تایبەت بە چاکسازیی لە داهات و سەرچاوەکانی داهاتە گشتییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٠/٦/١٥ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، سەرپەشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە گفتوگۆکردنی دەرئەنجامی کاری لیژنەکانی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی بواری گومرگ و لێخۆشبوونی گومرگی و دەروازە سنوورییەکان کرد.

‎لە کۆبوونەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەشدار بوون، گفتوگۆ کرا دەربارەی ئەنجامی کاری لیژنەکانی تایبەت بە بواری ڕێکخستنەوەی بواری گومرگ ودەروازە سنوورییەکان و پێداچوونەوە بە لێخۆشبوونە گومرگییەکان وەک بەشێک لە پرۆسەی چاکسازیکردن لە داهاتە گشتییەکان.

‎لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا ، وەزیرانی ناوخۆ و دارایی و ئابووری وەک سەرپەرشتیارانی لیژنەکان ڕاپۆرتەکانی خۆیان پێشکەش کرد کە تێیدا ئاماژەیان دا بەو پرۆسەی پێداچوونەوە و ووردبینیەی بە سەرجەم یاسا وڕێنمایی وگرێبەستەکان ئەنجامیان دابوو دوای سەردانی مەیدانیان ، سەرەڕای خستنەڕووی کێشە و گرفتەکان ، پێشنیارەکانی خۆشیان خستەڕوو.

‎سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگیی هەردوو بابەتەکە دا و ئەوەی دووپاتکردەوە کە چاکسازیکردن و ڕێکخستنەوەی داهاتە گشتییەکان، ئەرکی لە پێشینەی ئەم کابینەیەیە و بابەتەکانی پەیوەست بە گومرگەکان و ڕێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکانیشی بە بەشی گرنگی ئەم چاکسازییە لە داهاتی گشتی زانی.

‎لە کۆبونەوەکەدا سەڕەڕای جەخت کردنەوە لە پشتیوانی حکومەتی هەرێم بۆ کەرتی تایبەت و پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و برەودان بە هاوبەشی پێکردنی کەرتی تایبەت لە بووژاندنەوەی ئابووری هەرێم و دەستخستنی هەلی کار بۆ هاووڵاتییان، بڕیاردرا کە گشت دەروازە سنووریی و خاڵە گومرگییەکان بە پێی یاسا کارپێکراوەکان و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان رێکبخرێنەوە و هەموو ئەو لێخۆشبوونە گومرگیانەش کە لە دەرەوەی یاساکان دراون هەڵبوەشێنەوە، سەبارەت بە گرێبەستی ئەو خزمەتگوزارییانەی لە دەروازە سنوورییەکانيش لە لایەن کەرتی تایبەتەوە بەڕێوە دەبرێن، لە کۆبونەوەکە جەختکرایەوە کە پێویستە لە نزیکترین دەرفەتدا، ئەنجامی کۆتایی ووردبینی و پێداچوونەوە بە سەرجەمیان تەواو بکرێت و لە بەر ڕۆشنایی بەرژەوەندی گشتی و بە ڕەچاوکردنی یاسا وڕێنماییەکان ، بڕیاریان لە بارەوە بدرێت.