Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە تاپۆکردنی زەویی کارت و یەکەکانی پڕۆژەی نیشتەجێبوون دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٠\٦\١٦ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە تاپۆکردنی زەویی کارت و یەکەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییەکانی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەشداربوون، گفتوگۆ دەربارەی ئەنجامدانی جیاکردنەوەی زەویی پڕۆژەکان كرا بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی تۆمارکردنی زەویی نیشتەجێبوونی ئەو ھاووڵاتیانەی کە بە شێوازی (کارت) لە شارەوانییەکان وەریانگرتووە، هەروەها تەواوکردنی مامەڵەی تاپۆکردنی یەکەکانی پڕۆژەی نیشتەجێبوون کە لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە ئەنجام دراون، بۆ ئەوەی لە سەر کڕیاران بە فەرمی لە فەرمانگەکانی تاپۆ تۆمار بکرێن.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بابەتی ڕێکخستنەوەی پارەی خزمەتگوزاریی گوند و شار و کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون تاوتوێ کرا کە پێویستە پێداچوونەوەی تێدا بکرێت بە جۆرێک ئەم خزمەتگوزارییانە رێکبخرێن کە هاوسەنگی هەبێت لە نێوان توانا و باری گوزەرانی هاووڵاتییان لە هەمانکاتدا پاراستنی کوالیتی خزمەتگوزارییەکان لە بەرچاو بگیرێت.

لە کۆبوونەوەکە هەروەها گفتوگۆ کرا سەبارەت بە خێراکردنی رێکارە یاساییەکانی قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی زەوییەکانیان داخلی نەخشەی بنەڕەتی شارەکان بووە و کوژاندنەوەیان بۆ ئەنجام دراوە بەڵام تا ئێستاش قەرەبوویان وەرنەگرتووە.

هەروەها جێبەجێکردنی یاسا و بڕیار و رێنماییەکانی تایبەت بە خاوەندارێیتی کردنی زەوییەکانی نیشتەجێبوون کە زێدەڕۆییان لە سەر کراوە تاوتوێ کران لە بەر ڕۆشنایی یاسای پەرلەمانی کوردستان ژمارە (3) ساڵی 2019 تایبەت بە خاوەنکردنی ئەو زەوییانەی لە سنووری شارەوانییەکان زێدەڕۆییان لە سەر کراوە، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی کەمدەرامەت بێت بۆ نەهێشتنی زێدەڕەویی لەسەر زەوییەکانی موڵکی گشتی.

بۆ ئەم مەبەستانەی سەرەوە، وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پێشنیارەکانیان خستەڕوو، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، پێشنیارەکان پەسەندکران.