Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دەکات

• سەرۆکی حکومەت: ئامادەین بۆ چارەسەرێکی بنەڕەتی کێشەکانمان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی خۆمان بەرامبەر بە دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانمان.

• شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی حکومەت سبەی سەردانی بەغدا دەکات.

ھەولێر ، ھەڕێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ دووشەممە 2020/6/22 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ئەندامانی شاندی دانوستان بەشداربوون، گفتوگۆ دەربارەی دەرئەنجامی دانوستان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور کرا بۆ گەیشتن بە ئەنجام و ڕێککەوتن بە ئاراستەی دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە ئێمە ئامادەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی خۆمان بەرامبەر بە دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانمان بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتنێکی گشتگیر کە تێیدا ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانی هەر لایەک دیار بێت و جێی ڕەزامەندی هەردوولا بێت.

ئاماژەشی بەوەدا کە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا لە بەرژەوەندی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراقدایە و فاکتەرێکی گرنگیشە بۆ هێنانەدی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی حکومەت سبەی سێشەممە 2020/6/23 سەردانی بەغدا بکات.