Skip to the content

لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چەندین بڕیار دەدات

ھەولێر ، ھەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی چوارشەممە ٢٠٢٠/٦/١٠ مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لیژنەی باڵای وەزاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەشداربوون، گفتوگۆ دەربارەی دوایین دۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمـی کوردستان کرا.

سەرەتا وەزیری ناوخۆ ڕاپۆرتی خۆی خستەڕوو، دواتر وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی وردی لە بارەی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان و قوربانیانی خستەڕوو، سەرەڕای خستنەڕووی چەند داواکاری و پێشنیارێک.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستی، لیـژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەم بڕیارانەی دا:

یەکەم: بەردەوامبوون لە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و کەرەنتینەکردن و چارەسەرکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ تووشبووان و بەرکەوتووان و گەشتیاران و چڕکردنەوەی هەڵمەتی هۆشیاریی تەندروستی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان لەلایەن هاووڵاتییانەوە.

دووەم: سەپاندنی بەزۆر بۆ بەستنی دەمامک لە هەموو دامەزراوە و شوێنە گشتییەکان و دابینکردنی بۆ هەر هاووڵاتییەک کە سەردانی فەرمانگە و دامەزراوە گشتییەکان دەکات و هەر کەسێکیش سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

سێیەم: خەرجکردنی قۆناغێکی دیکەی بودجەی تایبەت بە خەرجییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە بڕی پێنج ملیار دینار بۆ وەزارەتی تەندروستی بە مەبەستی دابەشکردنی بەسەر دامەزراوە تەندروستییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم.

چوارەم: وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاسانکاری پێویست پێشکەش بە کارگەکانی بەرهەمهێنانی دەمامک و هۆکارەکانی دیکەی خۆپارێزی دەکەن تاوەکو بە ئاسانی و بە کواڵێتییەکی باش و نرخێکی گونجاو بگاتە دەستی هاووڵاتییان.

پێنجەم: ڕێگەپێدان بە وەزارەتی تەندروستی بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزاریی تاقیگەیی و دانانی میکانیزمی نوێ و پێویست بۆ دەستنیشانکردنی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەویش لە دوای دڵنیابوونی وەزارەت لە دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکان و کواڵێتی لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی وەزارەت و تاقیگە گشتییە تایبەتمەندەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی بەردەوام دەبن لە ڕێکاری تێستی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چوارچێوەی بەرنامەی بەردەوامی وەزارەت بۆ گەڕان بە شوێن تووشبووان و بەرکەوتووەکان و ئەوانەی گومانی تووشبوونیان لێ دەکرێ.

شەشەم: ڕاسپاردنی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ پەیوەندیکردن و سەردانیکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی عێـراق و نووسینگەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO لە عێـراق و هەرێمـی کوردستان و کونسڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە هاوکاری و پشتیوانیی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمـی کوردستان بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

حەوتەم: بەردەوامبوونی قەدەغەی هاتووچۆ لە نێوان پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمـی کوردستان و توندترکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی ئەم قەدەغەیە لە نێوان هەرێمـی کوردستان و پارێزگاکانی عێـراق و ڕاسپاردنی هەردوو وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و ناوخۆ بۆ ڕێکخستنەوەی دەوامی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەتایبەتی ئەوانەی دانیشتووی دەرەوەی شوێنی وەزیفەکانیانن بە جۆرێک بتوانرێ کەمتـرین هاتووچۆ و بەریەککەوتن هەبێت، و هەمان شت ڕەچاو بکرێت لەلایەن وەزارەت و لایەنەکانی دیکە بۆ فەرمانبەران و کارمەندانی وەزارەتەکانیان کە نیشتەجێی دەرەوەی شوێنی وەزیفەکانیانن.