Skip to the content

روونکردنەوەیەک لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - دوای ئەوەی پەرلەمانتار سۆران عومەر لە دەزگاکانی راگەیاندنەوە چەندین تۆمەتی ناڕاست و بێ بنەمای ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد. سەرۆکی داواکاری گشتی داوای کردووە کە پەرلەمانتاری ناوبراو بەڵگەی پێویست لە بارەی تۆمەتەکانی، رادەستی لیژنەی مافی گشتی لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی بکات و راستی تۆمەتەکانی بسەلمێنێ، ئەگینا تۆمەتەکانی دەچنە خانەی بوختان و ناوزڕاندن و سەرەنجام رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە. بەڵام دوای چەندین جار ئاگادار کردنەوە، ناوبراو هیچ بەڵگەیەکی لەسەر تۆمەتەکانی پێشکەش نەکردووە و خۆی دەدزێتەوە، بۆیە داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کراوە کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، رێکارەکان بگیرێتەبەر تا راستییەکان روون ببنەوە و سنوورێکیش بۆ ناوزڕاندن و تۆمەت هەڵبەستنی ناوبراو دابنرێت.

خەڵکی کوردستان دەزانن سەرۆکی حکومەت لە رابردوودا چەند پشوودرێژ بووە بەرامبەر ناوزڕاندن و تۆمەتی بەشێک لە پەرلەمانتاران، بەڵام خەریکە ئەم بابەتە دەبێتە دیاردەیەک کە لە پەنای کاری پەرلەمانتاری، بۆ مەبەستی سیاسی رای گشتی چەواشە دەکرێت.

بۆ ئاگاداری هەموو لایەکیش بابەتی هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانی لە رووی یاساییەوە رێگەپێدراوە و بە واتای لێسەندنەوەی ئەندامێتی پەرلەمانی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی یاسایی و مەدەنییە و هەر کاتێک پەرلەمانتار یاسا پێشێل بکات، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ماددە (٢٤) پارێزبەندیی لەسەر هەڵدەگیرێت تاکو دادگا بتوانێت لە رووی یاساییەوە رێکار و رێچکەی خۆی بگرێتەبەر و کەسی پێشێلکار ڕووبەرووی یاسا بکرێتەوە.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری
حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٠/٥/٤