Skip to the content

ڕاگەیەندراوێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەبارەت بە تێپەراندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای دەستخۆشی كردن لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە هەڵوێستێکی یەکگرتوویان لە بەرامبەر تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی دەربڕی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/11/12 لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینە و بێ گوێدانە پرنسیپی سازان و لە بەرچاوگرتنی نیگەرانییەکانی گەلی کوردستان، دەنگی لە سەر درا. لە هەمانکاتدا نیگەرانیی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر تێپەڕاندنی ئەم یاسایە دەردەبڕێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام و هەمیشە، ئامادەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور دەربڕیوە. لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمیش، چەندین جار نیازپاکیی خۆی نیشان داوە و سەردانی بەغدای کردووە و چەندین لەیەکگەیشتن و ڕێککەوتن لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی پێشوو و ئێستا هاتە ئاراوە و حکومەتی هەرێم، هەمیشە پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێکردووە لە بەرامبەر دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.

بۆیە ئێمە لە کاتێکدا داکۆکی لە مافی ڕەوای خەڵکی کوردستان دەکەین، لە هەمانکاتدا هەموو هەوڵێکی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی ستەم لە خەڵکی کوردستان نەکرێت. بڕیارە بەم نزیکانە کۆبوونەوەی هەر سێ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی هەرێمی کوردستانیش لە حکومەتی فیدراڵی ئەنجام بدرێت و هەڵوێستی فەرمی و یەکگرتووی هەرێمی کوردستان ڕابگەیەندرێت.

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٠/١١/١٢