Skip to the content

لیژنەی باڵای رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا چەند بڕیارێکی لەبارەی ناوەندەكانی خوێندنی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەرکرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ڕۆژی 2020/11/1 بە سەرپەرشتیی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوەخۆ و بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەکان و پارێزگار و بەرپرسی یەکەی ئیدارە سەربەخۆکان، لیژنەی باڵای رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبووە.

هەر یەک لە د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، ئالان حمە سعید وەزیری پەروەردە و د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندینی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاپۆرتی خۆیان دەربارەی هەڵسەنگاندنی ڕەوشی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

دوای گفتوگۆ و ڕا گۆڕینەوە، لەپێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان، مامۆستایان، قوتابیان و خوێندكاران، ئەم بڕیارانەی خوارەوە دران:

1. دەوامی قۆناغەکانی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی) تا رۆژی (2020/12/1) رادەگیرێت و سەر لەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی تەندروستی دەكرێت.

2. قۆناغی 12 ئامادەیی دەتوانن تا کردنەوەی قوتابخانەکان، بەشێوەی "نائیلزامی" سوود لە وانەکانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی وەربگرن.

3. قۆناغی 3 بنەرەتی تا 11 ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی) بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە خوێندن بەردەوام دەبن.

4.سەردانکردنی بە گروپ و ئامادەبوون لە قوتابخانەکان تا رۆژی (2020/12/1) رادەگیرێت، وسەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.

5. ئەو قوتابخانانەی کە لە گوندەکان و ئەو ناوچانەی كە هێڵی ئینتەرنێتیان وەک پێوست نیە و ژمارەی قوتابی وخۆیندکارانیان سنووردارە، دەوامیان بۆ گشت قۆناغەکان رادەگیرێت.

6. دەوامی باخچەی منداڵانی ناحکومی تا رۆژی (2020/12/1) رادەگیرێت و سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.

7. دەوامی پەیمانگاکانی حکومی و ناحکومیی وەزارەتی پەروەردە تا رۆژی (2020/12/1) رادەگیرێت و سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەکرێت.

8. بەمەبەستی رێکخستنەوەی ساڵنامەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان، وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام سوود لەو پشووە فەرمییانە وەردەگرێت کە بە پێویستی بزانێت.

9. لە زانكۆ وپەیمانگەکان بۆ بەشە زانستییەکان وکۆمەڵەی پزیشکی، سیستەمی خوێندنی نێو كامپەس و خوێندنی ئەلكترۆنی (خوێندنی ئاوێتە) تا رۆژی (2020/12/1) وەك خۆی بەردەوام دەبێت.

10. لە زانكۆ وپەیمانگاکان بۆ بەشە مرۆڤایەتییەکان لە خوێندنی ئاوێتە ڕێژەی هەرەزۆری بە ئەلکترۆنی دەبێت و ئەو بەشە زانستییانەی كه پێویستیان بە تاقیگە هەیە، تا رۆژی (2020/12/1) خوێندنیان لە نێو كامپەس دەبێت.

11. راسپاردنی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکان بۆ چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکان، پەرستگاکان، مزگەوت و کلێساکان و پابەندکردنیان بە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

12. دووپاتکردنەوەی جێبەجێکردنی گشت بڕگەکانی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (52) لە (2020/10/24).

ئەم بڕیارانە تا ڕۆژی (2020/12/1) کاری پێدەکرێت.

لیژنەی باڵای رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ سەر لە نوێ تاوتووێکردنی ڕەوشی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

لیژنەی باڵای رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا
2020/11/1