Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا ڕاپۆرتی سێ مانگی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ڕەوانەی پەرلەمان بکات

• وەزارەتی دارایی وئابووریی ڕاسپێردرا خۆگونجاندن بکات لە گەڵ خشتەی مانگانەی پێدانی مووچە لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/10/7 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، گفتوگۆ دەربارەی ڕێکخستنەوەی خشتەی مانگانەی پێدانی مووچە کرا لە بەر ڕۆشنایی خۆگونجاندن لە گەڵ خشتەی مانگانەی خەرجکردنی بەشێک لە شایستە داراییەکانی هەرێم لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە. بۆ ئەم مەبەستەش ، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی وئابووری ڕاسپارد، ڕێکاریی کارگێڕیی و دارایی پێویست لەمبارەیەوە بگرێتەبەر.

پاشان لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، د. عەبدولحەکیم خەسرۆ سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی، ڕاپۆرتی سێ مانگی یەکەمی کەوتنەبواری جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ژمارە ( 2) ی ساڵی 2020 خستەڕوو، کە تێیدا بڕیار و پەیڕە و ڕێنمایی و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاساکە ڕوونکراونەتەوە، لەگەڵ خستنەڕووی پلانی حکومەت، بۆ هەنگاوەکانی داهاتووی جێبەجێکردنی بەشەکانی تری یاسای چاکسازی، لە لایەن وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، لە ئایندەیەکی نزیکدا، ڕاپۆرتەکە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکات هەروەک سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاپۆرتی خۆیدا لە بەردەم پەرلەمان، ئاماژەی پێدابوو.