Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی باڵای ئابووری دەکات

سەرۆکی حکومەت:

• هەرێمی کوردستان دەرفەتی ئەوەی هەیە ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی گرنگ لە عێراق و ناوچەکەدا لە پێناو ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیجی.

• لایەنە پەیوەندیدارەکان، ڕاسپێردران چارەسەریی کێشەی کوالێتی بەنزین و سووتەمەنی ھاوردەکراو لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بکەن.

• گفتوگۆ دەربارەی ھێڵەگشتیيەکانی پڕۆژە یاسای پاراستنی خاوەندارێتی ھزریی کرا.


هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/10/8 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابووری هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکی کۆبوونەکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا کە هەرچەندە ئێستا هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان بە گشتی، بە دۆخێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕن، بەڵام کابینەی نۆیەم بەردەوامە لە کارکردن لە پێناو بووژانەوە و گەشەپێدانی ئابووری و بیناتنانی ژێرخانێکی ئابووری بە هێز و سەرکەوتوو، کە هەرێمی کوردستان دەرفەتی ئەوەی هەیە ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی گرنگ لە عێراق و ناوچەکەدا، لە پێناو ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیجی.

لە بڕگەیەکی کۆبوونەوەکەدا د. ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتی لیژنەیەکی تایبەتی خستەڕوو سەبارەت بە کێشەی کوالێتی بەنزین و سووتەمەنی ھاوردەکراو لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان. لە کۆبوونەوەکەدا، سەرجەم پێشنیارەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پەسەندکران، لە نێویاندا گرنگیی یەکخستن و نوێکردنەوەی پێوەر و ستانداردە تەکنیکی و تەندروستی و سەلامەتیی و ژینگەیی پێوانەی کوالیتی سووتەمەنیەکان، لەسەر تاسەری ھەرێم، هەروەها ڕێکخستنەوە و پەرەپێدانی تاقیگەکانی ناوەندی پشکنینی کوالیتی سووتەمەنی لە ھەرێم و دابینکردنی ئامێری پشکنین و پێداویستییەکانی و ڕاسپاردنی وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی بازرگانی و تیمەکانی چاودێریی بازرگانی، بۆ بەدواداچوونی بابەتی کوالیتی سووتەمەنی ھاوردەکراو، لە دەروازە سنوورییەکان و لە ناو عەمبارەکانی گلدانەوەی سووتەمەنی و بەنزینخانەکان و ڕێگرتن لەو کەسانەی، کە ماددەی کیمیایی نەگونجاو بەکاردەھێنن بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی بەنزین بە شێوەیەکی نادروست، کە دەرئەنجامی نەرێنی و خراپی ھەیە لەسەر ژیان و سەلامەتی ھاووڵاتییان و ژینگەی ھەرێمی کوردستان، سەرەڕای لێکەوتە داراییەکانی. ئەنجومەنی وەزیران، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ وەرگرتنی ڕێکاریی یاسایی تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران.

لە کۆبوونەوەکەدا، جەختکرایەوە لەسەر وەرگرتنی باج لەسەر قازانجی کۆمپانیاکانی ھاوردەکردنی سووتەمەنی، بە مەرجێک ئەم ڕێکارانە کاریگەری نەبێ لەسەر زیادکردنی نرخی سووتەمەنی بۆ ھاووڵاتیانی بەکاربەر.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ھێڵەگشتیيەکانی پڕۆژە یاسای پاراستنی خاوەندارێتی ھزریی (حماية الملكية الفكرية) خستەڕوو بۆ پاراستنی مافەکانی خاوەندارێتی ھزری لە بوارە جیاجیاکانی ھونەریی، ئەدەبی، زانستی، بازرگانی و پیشەسازیی، لە پێناوی ھاندانی بزاڤی ھونەری و زانستی و پاراستنی مافی ئەوانەی لەم بوارانە کاردەکەن. لیژنەی قانونی ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپێردرا، پەلە بكات لە پێداچوونەوە بە پڕۆژە یاساکە و ئامادەکردنەوەی بۆ ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی بکات تا ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. ئەم یاسایەش ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە بووژاندنەوەی ئابووری و ھاندانی کۆمپانیاکان بۆ پشتیوانیکردنی خاوەن مافە ھزرییەکان، هەروەها ڕێگرتن لە ھەر دەستدرێژیی و پێشێلکارییەک لەسەر ئەم مافانە و بەرگرتن لە تەقلیدکردن و ساختەکردنی بەرھەمەکان و کێبڕکێی ناڕەوا.