Skip to the content

پەیامى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە بۆنەى حەوتەمین ساڵیادى جینۆسایدى خوشک و برایانى ئێزدی

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- ئەمڕۆ حەوت ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئێزدییەکان لە شەنگال و دەوروبەرى تێدەپەڕێت، کە لە لایەن رێکخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە (داعش) و بە شێوەیەکى دڕندانە و نامرۆڤانە ئەنجام درا و بە هۆیەوە هەزاران کەس بوونە قوربانى و ئاوارە و بێسەروشوێن بوون.

حکومەتى هەرێمى کوردستان بە جددی کار لەسەر بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزیدیان دەکات، تاوەکو تاوانباران بە سزای عادیلانەی خۆیان بگەن، و هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێد و نیشتمانى خۆیان و خزمەتى زیاترى
دەڤەرەکەیان.

لە ساڵیادى ئەم کارەساتەدا، حکومەتی هەرێم بە هاوکاری دۆستەکانی، هەموو هەوڵێک دەدات قەرەبووی خەڵکی ئەم دەڤەرە و سەرجەم قوربانیانی دەستی ڕەشی داعش بکاتەوە و هەرچی لە توانایدا بێت بۆ بەرگری کردن لە خاک و نیشتمان بیکات و وەک قەڵغانێک دەبێت بۆ پاراستنی سەرجەم پێکهاتەکانی و لە خزمەتکردنى زیاتریان بەردەوام دەبێت.

ئەم تاوانە گەورەیەى کە بە ناهەق دژی گەلەکەمان ئەنجام درا، ھەمیشە لە مێژوو و هزرى ئێمەدا دەمێنێتەوە.


د. جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتى هەرێمى کوردستان
٣ـی ئابی ٢٠٢١