Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەی پێدانی مۆڵەتی خوێندن لە هەرێمی کوردستان پەسەند دەکات

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/3/10 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.


لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پیرۆزبایی لە کوردستانییان کرد بە بۆنەی ڕۆژی جلی نەتەوەیی کە چەند ساڵێکە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی 10ی ئادار، بە ڕێورەسمی جیاواز، ڕێز لە جلی نەتەوەیی خۆیان دەگرن.


سەرۆک وەزیران ، ئاماژەی بە سەردانی قەداسەتی پاپا کرد و بە سەردانێکی گرنگ و مێژوویی ناوبرد و گوتی ، ئەم سەردانە دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان، مەڵبەندێکی گرنگیی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەیە لە ناوچەکەدا . دەستخۆشیشی لە ڕێکخەران و دەزگا پەیوندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی هێزە ئەمنییەکان کرد، بۆ سەرخستنی سەردانەکە کە سەرکەوتووانە لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەچوو.
پاشان هەر یەک لە پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و سەفین دزەیی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ، ڕاپۆرتێکیان دەربارەی سەردانی قەداسەتی پاپا و گرنگیی سەردانەکە و دەرئەنجامەکانی بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو.


لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دوا ڕەشنووسی پڕۆژەی پێدانی مۆڵەتی خوێندنی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو . دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و پێشنیارکردنی چەند تێبینی و هەموارکردنێک ، پڕۆژەکە پەسەند کرا.