Skip to the content

پیرۆز بێت ١٢٤ ساڵەى ڕۆژنامەگەرى کوردى

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ٢٢ى نیسانى ئەمساڵ، ١٢٤ ساڵەى دەرچوونى یەکەم ڕۆژنامەى کوردییە بە ناوى "کوردستان" کە لە لایەن میقدات مەدحەت بەدرخانەوە دەردەکرا و ئێستا ئەو ڕۆژە وەک ساڵڕۆژى ڕۆژنامەگەرى کوردى لە هەرێمى کوردستان دەناسرێت.

لە چەند ساڵى ڕابردوو ئاڵوگۆڕى گەورە لە بوارى ڕۆژنامەگەرى دروست بووە و کارى پیشەییانەى ڕۆژنامەنووسان و هۆشیارکردنەوەى هاووڵاتیان و ڕەخنەگرتن و بوونى تێبینى لەسەر پڕۆژە و کار و پلانەکانى حکومەت و دەسەڵات، جێگەى تێڕامان و جێگەى دڵخۆشییە، چونکە هەوڵى ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیرانە بنەمایە بۆ پێشخستن و بەدیموکراسیکردنى دەسەڵات.

هەرچەندە بەداخەوە ئاراستەگەلێکى سیاسى لە نێو ڕۆژنامەگەرى کوردیش هەن هەڕەشە لەسەر پیشەییبوونى کاری رۆژنامەگەری و رەوتی دیموکراسی دەکات، بۆیە پێویست دەکات بەرژەوەندی وڵات لە پێش هەر بەرژەوەندییەکی دیکەدا بێت.
لەلایەکی ترەوە، رەوتى ڕۆژنامەگەرى کوردى پێویستى بە یاسا و ڕێساى نوێتر و کراوەتر هەیە تا هەم ڕێگەنەدرێت بەرەو پاشاگەردانى ئاراستە بکرێت و لە لایەکى تریشەوە ماف و بەرپرسیاریەتییەکانى دیارى بکرێت بۆ فراوانترکردنى ئازادیی ڕادەربڕین و نەهێشتنى پێشێلکاری.

میدیای ئەلکترۆنی کە پشکى شێرى لە ڕۆژنامەگەریى کوردى بەرکەوتووە، بەدەر لەوە فراوانبوون و خێراتربوونى پانتایی گەیاندنى هەواڵ و زانیارى، لە بەرامبەریشدا جۆرێک لە پشێوى تێدا دروست بووە و زۆر کەس بێ گوێدانە بە ڕەهەندە نیشتمانى و کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیری و ئەمنییەکانى هاوڵاتییان و کۆمەڵگە دەستیان داوەتە ئەو کارە و لە ماوەى ڕابردوو کێشەساز بوونە، بۆیە فەرمانگەى میدیا و زانیارى بە هاوکارى لایەنی حکومی و ناحکومی لە هەرێمى کوردستان، کارى لەسەر "ڕێنمایی کارى میدیایی لە هەرێمى کوردستان" کردووە لە پێناو بەرژەوەندى گشتى و ڕێکخستنى بوارى میدیای بینراو و بیستراو.

هیوادارین هەموومان بەرپرسیارانە و دوور لە هەر جۆرە مەبەستێکى نەخوازراوى نەرێنى، درێژە بەو خەباتەى ڕۆژنامەگەریى کوردى بدەین و هەوڵەکانمان لە خزمەت نیشتمان و دۆزى ڕەواى کورد بخەینە گەڕ و کار لەسەر هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگە و پێدانى داتا و زانیارى دروست بکەین.

پیرۆز بێت ساڵیادى ڕۆژنامەگەریی کوردى.


د. جوتیار عادل
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٢ى نیسانى ٢٠٢٢