Skip to the content

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران سەردانی دەستەی وەبەرھێنانی کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە، ٦ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی دەستەی وەبەرھێنانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد، لەلایەن دکتۆر موحەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان پێشوازی لێکرا، پەیوەست بە سەردانەکە، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان بە ھاوبەشی لەگەڵ یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان کۆبوونەوە.

لە دیدارەکەدا ڕۆلی وەبەرھێنەران لە بەرەوپێشچوونی کاروانی ئاوەدانکردنەوە و دۆخی کەرتی وەبەرھێنان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی کوردستان و بە مەبەستی گەشەی ئابوری زیاتری ھەرێمی کوردستان تاووتوێ کران.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ھەماھەنگی بەردەوامی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان کرا، جەخت لە چارەسەری کێشە و گیروگرفتی بەردەم وەبەرھێنەران کرایەوە.
سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەیی خۆی دەڕبری بۆ کارئاسانی زیاتری کاری وەبەرھێنان و بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی کەرتی وەبەرھێنان، پاڵپشتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتیناتی لە کار و پڕۆژەکانی بەردەم وەبەرھێنەران لە ھەرێمی کوردستان دووپاتکرایەوە.