Skip to the content

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ وەزیری تەندروستی کۆبۆوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ١٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٢، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد و لەلایەن د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، بریکاری وەزارەت و بەرێوەبەڕە گشتییەکان و ڕاوێژکارانی وەزارەتی ناوبراو پێشوازی لێکرا.

دوای بەخێرھاتنی شاندی میوان ، وەزیری تەندروستی، باسی لە پێداویستییەکانی وەزارتەکەی کرد و پێزانینی خۆی ڕاگەیاند بۆ ھەماھەنگی بەردەوامی نێوان دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ، باسی لە گرنگی کەرتی تەندروستی و گرێدانی بە ژیانی ھاووڵاتیان کرد، ھەروەھا تیشکی خستە سەر ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی تەندروستی لە ھەرێمی کوردستان و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و پلانی وەزارەتی تەندروستی بۆ داھاتوو.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایەسەر پێداویستییەکانی وەزارەتی تەندروستی و گرنگیدانی زیاتر بە سێکتەری تەندروستی دووپاتکرایەوە.

کێشە سەرەکیەکانی وەزارەت و کەرتی تەندروستی و ڕۆل بینینی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پزیشک و یاریدەدەرە پزیشکییەکان و تەواوی کارمەندانی وەزارەتی تەندروستی و ئامادەیی نەخۆشخانەکان بۆ رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان لە ماوەکانی ڕابردوو بەرز نرخێنرا .

پرسی دابینکردنی دەرمان و کوالیتی کۆنترۆڵ و کۆنترۆلکردنی ئەو پرسە و خزمەتکردنی زیاتری ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوون.