Skip to the content

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کۆدەبێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ ، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد، لەلایەن د.ئارام محەمەد قادر ، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ، و بریکاری وەزارەت و سەرۆکی زانکۆ حکومییەکان و بەرێوەبەڕە گشتییەکان و ڕاوێژکارانی وەزارەتی ناوبراو پێشوازی لێکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەردەوامی و پاڵپشتی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی دووپاتکردەوە و باسی لە پێویستییەکان و کێشە گیروگرفتەکانی وەزارەتەکەی کرد.

لە بەرامبەردا سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، تیشکی خستە سەر سەربەخۆیی زانکۆکان لە ڕووی کارگێری و دارایی پاراستنییان لە دەستوەردان و بەرزکردنەوەی ئاستی کوالیتی خوێندن و ئاستی قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆ و پاڵپشتییان تاووتوێ کران.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا داڕشتنی ستراتیژێکی گشتی بۆ بەرەوپێشبردنی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دانانی نەخشەڕێگای باشتر بۆ پێشخستنی ئەم کەرتە و ھاندان و پێشخستنی توێژینەوە زانستییەکان و پاڵپشتیکردنی ئەم کەرتە لەلایەن حکومەتی ھەرێم و بایەخدان بە بەرھەمی نوسەران و وەڕگێران و نوسینی بەرھەمی ڕەسەن و بەرھەمەکانی توێژەران و نووسەرانی جیھان تەوەری گرنگی کۆبوونەوەکە بوون.

پێداچوونەوە بە چوارچێوەی یاسای پەیوەندیدار بە ڕێکخستنی بواری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوون.