Skip to the content

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان کۆدەبێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ـی حوزەیرانی ٢٠٢٢ ، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد، لەلایەن عەبدوڵلای حاجی مەحمود ، وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، و بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەرێوەبەڕە گشتییەکانی وەزارەتی ناوبراو پێشوازی لێکرا.

سەرەتا وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان ، بەخێرھاتنی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و شاندی یاوەری کرد، ئاماژەی بە پێداویستییەکانی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان و کەموکوڕیەکانی وەزارەتەکە کرد .

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ، جەختی لە ھەماھەنگی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی کردەوە بۆ زیاتر خزمەتکردنی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان ، ھەروەھا تیشکی خستە سەر بەکارھێنانی دەسەڵاتەکانی وەزارەت و بەرێوەبەرە گشتییەکان بەپێی یاسا بەرکارەکان و لە پێناو نەھێشتنی ڕۆتین و خێراترکردنی مامەڵەی ھاوڵاتیان و بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان لە دام و دەزگاکانی حکومەتدا.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک دیوان، ئاستی جێبەجێ کردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی تایبەت بە پێداچوونەوەی فایلی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بەرز نرخێنرا

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا جەخت لە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەھیدان و باشترکردنی خزمەتگوزاریی لە کەرتی تەندروستی و کەرتی خوێندن بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان کرایەوە و لەم بارەیەوە ڕۆلی حکومەتی ھەرێم بەرز نرخێنرا

پاڵپشتی وەزارەت و کەسوکاری شەھیدان و پڕکردنەوەی پێداویستی و گیروگرفتەکانی وەزارەتەکە و گرنگیدانی زیاتر بە پەیوەندی لە نێوان وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لەگەڵ وەزارەتەکانی تر کە پەیوەندییان لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان ھەیە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوون.