Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران ڕێکخستنی دەستی کار لە کەرتی تایبەت و گرنگیدان بە دەستی کاری خۆماڵی تاووتوێ دەکات

سەرۆک وەزیران:

پێویستە حکومەت هەموو ئاسانکارییەک و هەماهەنگییەک بکات بۆ یارمەتیدانی گەنجانی کوردستان بۆ دۆزینەوەی هەلی کار.

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 20ی ئەیلوول، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە گفتوگۆکردن دەربارەی بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بابەتی ڕێکخستنی دەستی کار و ڕەخساندنی دەرفەتەکانی کار لە کەرتی تایبەت بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە سەر بنەمای دابەشکردنی دادپەروەرانە و گرنگیدان بە دەستی کاری خۆماڵی، لە ڕێگەی تەرخانکردنی ڕێژەیەکی دیاریکراو لە دەرفەتەکانی کار بۆ دەستی کاری خۆماڵی.

ئەم بابەتە لە لایەن کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان و ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، خرایەڕوو.

 

سەرۆک وەزیران، جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە حکومەت هەموو ئاسانکارییەک  و هەماهەنگییەک بکات بۆ یارمەتیدانی گەنجانی کوردستان بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بەتایبەتی لە کەرتی تایبەت، هەروەک لە بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمدا جێگیرکراوە، لەم ڕووەوە، حكومەت هانی خاوەنکارانی کوردستان دەدات کە گەنجانی کوردستان لە پێشینەی وەرگرتنی دەستی کاری کۆمپانیاکان بن و پابەندبن بە بڕیاری حکومەت سەبارەت بەوەی کە دەبێ بە لایەنی کەم ڕێژەی %75 دەستی کاریان ، خەڵکی هەرێمی کوردستان بن،  بە پێچەوانەوە، دەبێ ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر. هەروەها پێویستە میکانیزمی پێویستیش هەبێت بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانی کوردستان و دامەزراندنی ناوەندی کار لە سەرجەم پارێزگا و قەزا و ناحیەکان کە ببێتە ناوەندی بەیەکگەیاندنی داواکارانی کار و خاوەنکارەکان.

لەهەمانکاتدا جێگری سەرۆک وەزیران، وێڕای پشتگیريكردنی گوتەکانی سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بە گرنگی ئامار و زانیاريیەکان و هەبوونی داتا سەنتەر و ناوەندی دۆزینەوەی کار كرد تا ئاسانکاریی بکرێت بۆ دابینکردنی هەلی کار، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە، داواکرا پەرلەمانی کوردستان، پەلە بکات لە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای نوێی کار، کە ستراتیجێکی نوێی داڕشتوە بۆ پەیوەندی نێوان کرێکار و خاوەنکار . هەروەها پەلە بکرێت لە گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاسای خانەنشینی و بیمەی کۆمەڵایەتی کە قۆناغی باشی بڕیوە و بە جێبەجێکردنی ئەم دوو یاسایە، چوارچێوەیەکی یاسایی نوێ و هاوچەرخ دێتە ئارا بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندیی کرێکاران و پاراستنی و دابینکردنی ئیمتیازات و مافەکانیان، بە تایبەتی بۆ خانەنشینان . لەهەمانکاتدا برەودان بە کەرتی تایبەت و گەشەپێدانی ئابووریی.

هەروەها ئاماژە بە ڕێنمایی نوێی ڕێکخستنەوەی دەستی کاری بیانی لە هەرێمی کوردستان کرا، کە ڕەشنووسەکەی لە لایەن دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان خرایەڕوو، کە ئامانج لێی، ڕێکخستنەوەی هێزی کاریی بیانیيە لە هەرێم، بەجۆرێک لە خزمەتی بازاڕی کار بێت و لەهەمانکاتیشدا ئەولەویەت بۆ هاووڵاتیانی هەرێم بێ لە دەرفەتەکانی ڕەخساو بۆ کار و مافی ئەو کرێکارە بیانیانەی لە هەرێم کاردەکەن بپارێزێت لەبەر ڕۆشنایی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان. ئەنجومەنی وەزیران، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد پەلە بکەن لە تەواوکردنی ڕێنماییەکان بە ڕەچاوکردنی ئەو تێبینیانەی لە کۆبونەوەکە خرانە ڕوو.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیەکی بەرفراوان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، لە بەر ڕۆشنایی  هەموو ئەو تێبینی و ڕاسپاردانەی بۆ ئەنجومەن خرانەڕوو ، دووبارە پێداچوونەوە بە بابەتی دەستی کار بکرێت و ئامادە بکرێت بۆ بڕیار لە سەردانی لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەن.  

لە بڕگەی دووەمدا، وەک هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی یاسای ئەرک ومافەکانی نەخۆش ژمارە 4 ساڵی 2020 ڕەشنووسی پەیڕەوی تایبەت بە ( پێکهاتە و ئەرکەکانی لیژنەکانی لێکۆڵینەوەی پیشەیی لە وەزارەتی تەندروستی ) لە لایەن سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی خرایەڕوو،  کە تایبەتە بە دانانی ڕێسا و ڕێکاری نوێ بۆ لێکۆڵینەوە لە هەڵەی پزیشکی (لە نەخۆشخانە گشتیەکان بێت یان نەخۆشخانە تایبەتەکان) لە دەرەنجامی کەمتەرخەمیی پیشەییان یان نەبوونی شارەزایی یان پشتگوێخستنی نەخۆش، بە جۆرێک کە ناگونجێن لە گەڵ ڕێساکانی پیادەکردنی پیشەی پزیشکی و چارەسەرکردن و لە ئەنجامدا، بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە نەخۆش یان کەمئەندامبوون یان گیان لەدەستدانیان.

ئەنجومەنی وەزیران، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و جەختکردنەوە لە پاراستنی مافی نەخۆش و دڵنیابوون لە پیادەکردنی بنەما کارپێکراوەکانی پیشەی پزیشکیی و چارەسەرکردن و لە ڕوانگەی کاراکردنی ڕۆڵی حکومەت و دامەزراوە تەندروستیەکان، لە چاودێریی و گەشەپێدانی گیانی بەرپرسیارێتی، لەدوای خستنەڕووی چەندین تێبینی و پێشنیار، پەیڕەوەکەی پەسەند کرد.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، باس لە ڕەشنووسی ( یاسای دەزگای خۆراک و دەرمان لە هەرێمی کوردستان ) کرا کە بەشێکی گرنگە لە پرۆسەی چاکسازیکردن لە بواری تەندروستی و دەرمان و خۆراک ، هەروەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا هاتووە . تا ئێستاش چەندین کۆبوونەوەی  تایبەت کراوە بۆ ئامادەکردن و گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی یاساکە و پێکهاتەکانی دەزگاکە. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لە کۆبوونەوەی داهاتوو، بە وردی و زیاتر گفتوگۆ لەبارەی ڕەشنووسەکە بکات بەمەبەستی پەسەندکردنی .