Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران پلانە ستراتیژییەکانی وەزارەتی پەروەردە تاوتوێ دەکات

* سەرۆک وەزیران داوا لە تیمی وەزاریی یەکێتی دەکات بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران.

* سەرۆک وەزیران: چەندین جارە داوا لە تیمی وەزاری بەڕێزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرێ بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بکەن و لە ئاستی بەرپرسیارەتی خۆیان و متمانەی خەڵک و پەرلەمان بن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ڕێگەیان پێ نەدراوە بەشداری بکەن.


ئەمڕۆ دووشەممە 6ی ئادار، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان کرد بە بۆنەی ساڵیادی ڕاپەرینی جەماوەری ساڵی 1991 کە وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە خەباتی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان لە پێناو ئازادیدا. سەرۆک وەزیران جەختی لە گرنگیی هاوهەڵوێستی و یەکگرتوویی و یەکڕیزی خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری کوردستان کردەوە لە پێناو پاراستنی دەسکەوتە نیشتمانییەکان و داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان .
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، سەرۆک وەزیران داوای لە تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد کە بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران ، چونکە بەشداری نەکردن لە کۆبوونەوەکان و ڕاکردن لە بەرپرسیاریەتی، هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات . لەمبارەیەوە سەرۆک وەزیران گوتی ” چەندین جارە داوا لە تیمی وەزاری بەڕێزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرێ بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بکەن و لە ئاستی بەرپرسیارەتی خۆیان و متمانەی خەڵک و پەرلەمان بن. بە نووسراوی فەرمیش، داوایان لێکراوە کە بگەڕێنەوە ، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ڕێگەیان پێ نەدراوە بەشداری بکەن “
سەرۆک وەزیران هەروەها گوتی ” ئەنجومەنی وەزیران شوێنی خزمەتکردنی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکانە و بەشداری نەکردن لە کۆبوونەوەکان و ڕاکردن لە بەرپرسیاریەتی، چارەسەری هێچ کێشەیەک ناکات و بە پێچەوانەوە، بەرامبەر بە سوێندی یاسایی خۆیان و خەڵکی کوردستان دەکەونە بەردەم بەرپرسیاریەتییەکی گەورە“.

پاشان لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە ، لە ڕاپۆرتێکی بەرفراواندا، كار و پلانە ستراتیژییەکانی وەزارەتی پەروەردەی خستەڕوو، کە بریتی بوو لە پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکانی خوێندن، ڕاهێنانی مامۆستایان، هەڵسەنگاندنی قوتابخانەکان ، خزمەتگوزارییە دیجیتەڵییەکان ، ژێرخانی پەروەردەیی و بەشداری هەرێمی کوردستان لە هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییەکان.
سەرۆک وەزیران، دەستخۆشی لە وەزیر و کارمەندانی وەزارەتی پەروەردە کرد بۆ کارکردنی بەردەوامیان لە جێبەجێکردنی کارنامەی چاکسازی کابینەی نۆیەم لە بواری پەروەردە و ئەنجامدانی ژمارەیەک لە پلانە ستراتیژییەکان .

بڕگەی دووەم، بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆری ئیتیحادی ساڵی 2015 لە هەرێمی کوردستان کە لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایەڕوو.
ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە ، بەرەنگاربوونەوەی پرۆسەکانی سپیکردنەوە و شوشتنەوەی مایە و ڕێگريگرتنە لە مایەدارکردنی تیرۆر و لێکەوتە زیانبەخشەکانی لە سەر ئابووری و کۆمەڵگە .
ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ، پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد.

لە بڕگەی کۆتاییدا، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ، پێشنیاری دووبارە ڕێگەپێدان بە دامەزراندن و تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی بواری دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانی پێشکەش کرد کە ماوەی چەند ساڵێکە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران وەستاوە .
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، کە بەدواداچوونی ورد و هەمەلایەنی ئەم بابەتە بکرێت و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی گشتگیردا، بۆ ئەنجومەنی وەزیران ئامادە بکرێت، بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندی گشتیی هاووڵاتییان و پێشخستنی بواری تەندروستی و لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم بۆ چاکسازی لە کەرتی تەندروستی و دەرمان و خۆراک، کە پێویستە بۆ ئەم مەبەستە، دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی هەرێمی کوردستان دابمەزرێت.